رۆژانە دەیان مەدەنی موسڵ برینداردەبن
خاچی سور: سەدا 90یان بەهۆی فیشەك‌و بۆمبەوەیە

June 19, 2017 at 10:06 pm

موسڵ، 17-6-2017، شەڕی دژ بە داعش بەشێكی زۆر لە شارەكەی كردۆتە وێرانە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو
بەهۆی شەڕ‌و پێكدادانەكانی بەری راستی موسڵەوە، رۆژانە دەیان مەدەنی بەهۆی برینداربوونەوە بە فیشەك‌و بۆمب‌و تەقەمەنی رەوانەی نەخۆشخانە فریاگوزارییەكان دەكرێن، بەپێی بەیاننامەیەكی خاچی سوری نێودەوڵەتی.

خاچی سوری نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دووشەممە 19-6، نیگەرانی خۆی لە رەوشی خەڵكی موسڵ دەربڕی‌و داوایكرد، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ رزگاركردن‌و دەرهێنانی هەزاران مەدەنی لە ناوچەكانی روبەڕوبوونەوە.

هەروەها بەپێویستی دەزانن، رێگە بە خەڵك بدرێت بگەنە ناوچە ئارامەكان تا بتوانن چاودێری تەندروستی وەربگرن.

بەپێی بەیاننامەكە، رێژەی بریندارانی مەدەنی زیادیكردووە‌و لەسەدا 90ی بریندارەكان، بە فیشەك‌و بۆمب‌و تەقەمەنی پێكراون.

جولیا شۆڕش، پسپۆڕی ژووری فریاكەوتن سەر بە خاچی سوری نێودەوڵەتی كە رەوانەی موسڵ كراوە دەڵێت، رۆژانە پێشوازی لە دەیان برینداری مەدەنی دەكەن، لە نێویاندا منداڵ‌و بە تەمەن هەن، بەشێكیشیان رزگاركردنی ژیانیان زۆر زەحمەتە.

موسڵ، 17-4-2017، بەرزبوونەوەی دوكەڵی شەڕ لەئاسمانی مزگەوتی نوری‌و منارەی حەدبا فۆتۆ: رۆیتەرز

نیگەرانی ئەو رێكخراوە لەكاتێكدایە هێزەكانی سوپا، دژەتیرۆر‌و پۆلیسی فیدراڵی دوێنێ‌ یەكشەممە 18-6 دوایین ئۆپەراسیۆنیان لە ناوشاری موسڵ دەستپێكرد، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو چەند گەڕە كەمەی بە دەست داعشەوە ماوە.

كاسرینا ریتز، سەرۆكی نێردەی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە عیراق دەڵێت زۆر گرنگە مەدەنییەكانی موسڵ رزگاربكرێن لە ناوچەكانی روبەڕوبوونەوە‌و رەوانەی چاودێری پزیشكی بكرێن.

لە چەند رۆژی رابردوودا نەتەوە یەكگرتووەكانیش بڵاویكردەوە، چەكدارانی رێكخراوی داعش زیاتر لە 100 هەزار مەدەنییان لە نێو شاری موسڵی كۆن دەستبەسەركردووە بۆ ئەوەی وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاریانبهێنێت.

چەكدارانی داعش، زیاد لە جارێك هۆشدارییان داوە بە دانیشتوانی بەری راستی موسڵ‌و هەركەسێك هەوڵی هەڵاتن بدات لە سێدارەدەدرێت، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی وەكو قەڵغانی مرۆیی لە شەڕی هێزە عیراقییەكان بە كاردەهێنێت.

ئەو كردەوانەی داعش هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی قۆناغی كۆتایی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی رێكخراوەكە لە بەری راستی موسڵ، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی 19-2 دەستیپێكرد، دوای ئەوەی بەری چەپ لە 24-1ی ئەمساڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە.

4 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری