قایمقامی شەنگال: خەڵك لەئاوارەییشدا بەشداری ریفراندۆم دەكەن

June 26, 2017 at 10:27 pm

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شەنگال-ی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبووك

فەرمان سادق
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شەنگال دەڵێت ناوچەكەیان بەشداری ریفراندۆم دەكات‌و ئەو هاوڵاتییانەی لە ئاوارەییدا ماونەتەوە لە كەمپەكان دەنگ دەدەن، داواش لە حەشدی شەعبی دەكات ناوچەكانیان چۆڵبكاتەوە‌و رەتیشیدەكاتەوە ئەو هێزە، بتوانن فشار لەسەر دانیشتوانی سنورەكە دروستبكەن.

ناوبراو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، ئاماژە بە چەندین دۆسیە‌و پرسی تایبەت بە قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) دەكات لە نێویاندا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە ئەیلولی ئەمساڵ لە هەرێم‌و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامبدرێت.

كەركوك ناو: بڕیارە ریفراندۆمی هەرێم ناوچەكانی جێناكۆكیش بگرێتەوە، ئامادەكاری چی كراوە بۆ پرۆسەكە لە شەنگال؟
مەحما خەلیل: تائێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوەو چاوەڕوانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنین بۆ داڕشتنی پلانی لۆجیستی، بەڵام ئەمە نابێتە گرفت چونكە خەڵكی ناوچەكە شارەزاییان لەپڕۆسەی هەڵبژاردن هەیە.

كەركوك ناو: لە 450 هەزار خەڵكی ئێزیدی شەنگال نزیكەی 50 هەزار گەڕاونەتەوە، لەناوچەیەكی چۆڵ‌و جێ‌ ململانێ‌ چۆن ریفراندۆم ئەنجامدەدرێت؟
مەحما خەلیل: خەڵكی شەنگال ئیمانی بەهێزی بەریفراندۆم هەیە، بۆیە نەگەڕانەوەیان نابێتە بەربەست‌و مافێكی دەستوورییە لەهەر كوێیەك دەنگ بدەن، دەتوانن لەناو كەمپەكانیشدا دەنگ بدەن.
خەڵكی شەنگال، گەیشتوونەتە قەناعەت بۆ رزگاربوونیان لەدەست بەغداو شۆفێنیەتی عەرەبی بەگڕوتینەوە بەشداری ریفراندۆم دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان، لەمەشدا حەشدی شەعبی‌و پەكەكە ناتوانن رێگری بكەن.

كەركوك ناو: بۆ بەشداری شەنگال‌و ناوچەكانی دیكە دەبێت ئەنجومەنی قەزاكە بڕیاری بەشداری بدات لە ریفراندۆم، تائێستا ئەوەكراوە؟
مەحما خەلیل: بێگومان پێویست بەوە دەكات ئەنجومەنی قەزا بڕیار بدات، بەدڵنیاییەوە لەماوەیەكی نزیكی داهاتوو ئەو بڕیارە دەدرێت.

پارێزگای نەینەوا، چەكدارێكی ئێزیدی لەنێو خانوو ڕوخاوەكانی قەزای شەنگال فۆتۆ: هاوڕێ‌ خالید-سایتی جەزیرە

كەركوك ناو: پێویست بە رەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ناكات؟
مەحما خەلیل: نەخێر پێویست ناكات، بەگوێرەی دەستوور شەنگال بەشێكە لەناوچەی ماددەی 140، ئەوان مافی خۆیان هەیە بەگوێرەی قانون‌و دەستوور چارەنووسی خۆیان دەستنیشان بكەن.

كەركوك ناو: لەماوەی رابردوودا چەندین رووداوی كوشتن‌و كوشتاری نەناسراو لەناوچەكەدا رویداوە، هیچ سەرەداوێك لەوبارەیەوە دەستكەوتوون؟
مەحما خەلیل: ئەو پرسە پەرەی سەندووە، خەریكە دەبێتە دیاردەو رۆژانە خەڵك دەكوژرێن، بێگومان هەبوونی سێ هێزی جیاواز لەیەك ناوچەدا گرفت‌و كێشەی تێدەكەوێت، دەرفەت دەداتە ئەوانەش كە كاتی خۆی كێشە لەنێوانیاندا هەبووە، بۆیە لەدیدی ئێمە چارەسەری ئەو پرسە دەبێت بە رادەستكردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانە بێت بەئیدارەی شارەكە، بۆ ئەوەش چەندینجار داوامان لەهێزەكانی سەر بەپەكەكەو حەشدی شەعبی كردووە بەڵام هێشتا گوێیان لێ نەگرتووین.

كەركوك ناو: هاتنی حەشدی شەعبی بەفشارو مەترسی نازانن بۆ سەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟
مەحما خەلیل: كەس ناتوانێ فشار بكات، حەشدی شەعبی بەگوێرەی قانونێك بووەتە حەشد، بەڵام ئەو ناوچەیە بەگوێرەی ماددەیەكی دەستووری كە گەورەترە لەقانون بڕیار لەمافی چارەی خۆیان دەدەن.

كەركوك ناو: بەڵام حەشدی شەعبی لەبەشێكی زۆری باشووری شەنگال جێگیرن؟
مەحما خەلیل: ئەو ناوچانە خەڵكەكەی ئاوارەن‌و لەكەمپەكان نیشتەجێن.

كەركوك ناو: ئەی لەڕووی ئیدارییەوە كێشەی بۆ دروستنەكردوون؟
مەحما خەلیل: بێگومان كێشەیان دروستكردووەو بەفەرمیش داوامان كردووە ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن‌و رادەستی هێزی پێشمەرگەی بكەن، چونكە تاكۆتایی ناتوانن لەو ناوچەیە بمێننەوە.

كەركوك ناو: دەوترێت پێشتر پێشمەرگە داوایكردوە ناوچەكانی باشوری شەنگال كۆنتڕڵبكاتەوە، بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانان بەوە رازی نەبوون؟
مەحما خەلیل: هۆیەكەی نازانم… بەڵام پەیمانێك لەنێوان پێشمەرگەو حكومەتی عێراق هەبوو كە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەش ئەنجامبدەن، پێشمەرگە ناوچەكانی كوردی رزگار بكات‌و سوپای عێراقیش بچێتە قەزای بەعاج‌و قەیرەوان، بەڵام حكومەتی عێراق لەو پەیمانە پاشگەز بوەوەو بێ پرسی پێشمەرگە حەشدی شەعبی هێنایە ئەو ناوچەیە، ئەوەی بووە هۆی گۆڕینی پلانەكە نوێنەری عەرەبی ئەو ناوچانە بوون لەپەرلەمانی عێراق بەڕێككەوتنێك لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ رزگاركردنی هەندێك لەكەسانی خۆیان.

كەركوك ناو: ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە؟
مەحما خەلیل: سەرەتا پەیوەندیمان خۆش بوو، بەڵام ئێستا نیمانە.

كەركوك ناو: پێتانوایە ئەو ئێزیدیانەی چوونەتە ناو حەشدی شەعبی كاریگەرییان لەسەر رای ئێزیدییەكان هەبێت؟
مەحما خەلیل: نەخێر چونكە رای ئێزیدییەكان لای جڤاتی ئێزیدیانە كە زۆرینەی رەهای لەگەڵ ئەوەدان ناوچەكان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوانەی چونەتە ریزی حەشدی شەعبی بەشێكیان بۆ گوزەرانی ژیانیانەو بەشێكیش بۆ گەڕانە بەدوای كەسوكاریان، بەڵام ژمارەیان زۆر كەمن.

كەركوك ناو: لە شەنگال مەترسی شەڕی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی هەیە؟
مەحما خەلیل: لەكاتی نزیكدا بەدووری دەبینم، بەڵام ئەگەر ئەو شەڕە رووبدات نیشانەی پارچە پارچەبوونی عێراق دەبێت بەكردەوە، بۆیە پێویستە جارێكیتر مەرجەعی شیعەكان بڕیاری حەرامكردنی رشتنی خوێنی كوردان بدات وەك چۆن لە رابردوودا ئەو بڕیارەی داوە، جگە لەمەش ئەمریكاو هاوپەیمانان لەكاتی ئێستادا رێگەنادەن ئەو شەڕە رووبدات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری