ململانێی شەڕی تەلەعفەر‌و حەویجە
داواكاری توركمان لەگەڵ كورد‌و عەرەب یەكناگرێتەوە

July 15, 2017 at 6:59 pm

كەركوك، 2015، شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی عەتشانە لەژێر دەستی داعش لەسنوری داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی
داواكاری زۆربەی دانیشتوانی كەركوك بەتایبەت كورد‌و عەرەب، پێداگرییە بۆ دەستپێكردنی شەڕی حەویجە دوای موسڵ، بەڵام پێكهاتەی توركمانی هەمان پارێزگا بەپێویستی دەزانێت ئۆپەراسیۆنەی تەلەعفەر پێشبكەوێت، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا بەغدا بەفەرمی لەو ململانێیەدا خۆی یەكلانەكردۆتەوە.

دوابەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ، مشتومڕی زۆر لەسەر ریزبەندی شەڕی ناوچەكانی تری ژێر دەستی داعش سەریهەڵداوە بە تایبەت قەزاكانی حەویجەی زۆرینە سونەی عەرەب لە پارێزگای كەركوك‌و تەلەعفەری زۆرینە توركمان لە رۆژئاوای نەینەوا، هەرلایەكیش بۆ پێداگرییەكانی پاساوی جیاوازی هەیە.

عەلی قاریاغدی، بەرپرسی لقی كەركوكی حزبی توركمەن ئیلی قەزای تەلەعفەر وەكو پایتەختێكی قەزاكەی ناودەبات‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “راستە قەزای حەویجە نزیكە لە كەركوك بەڵام رووبەرەكەی‌و دانیشتوانەكەی گەورە نیە وەكو تەلەعفەر، هەروەها حەویجە هەڕەشە نیە بۆسەر كەركوك‌و.. داعش لە حەویجە كەمترە وەكو تەلەعفەر”.

قەزای تەلعەفەر كە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی شاری موسڵ-ی سەنتەری پارێزگای نەینەوا بەدووری 70كم‌و دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌و توركمانی شیعە مەزهەب پێكهاتووە، لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بە تەواوی گەمارۆدراوە.

كەركوك، تەمموزی 2017، ئەنجومەنی عەرەبی چەندجارێك داوایكردووە پەلە لەكۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە بكرێت فۆتۆ: ئیبراهیم عەلی

“حەویجە گەمارۆدراوە لەهەموو لایەكەوە‌و ئازادكردنەوەی چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت بەڵام تەلەعفەر سنوری سوریا لە پشتیەتی‌و جەزیرە هەیە، ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە بۆ قەزاكە، بكرێت هەردوو شەڕەكە لەیەك كات بكرێت یان دەمانەوێت تەلەعفەر پێشتر بێت”، قاریاغدی وای وت.

قەزای حەویجە (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك)‌‌و ناحییەكانی زاب، رەشاد، ریاز، عەباسی، لە ناوەڕاستی 2014ەوە كەوتونەتە دەست داعش‌و تێكڕا، سەدا 32ی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن.

ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە بە (كەركوك ناو)ی وت “ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر دواخستنی ئازادكردنەوەی حەویجە، ئازادكردنەوەی پێویستی بەسوپا نییە، تەنیا پێشمەرگە‌و پۆلیس‌و فڕۆكەی هاوپەیمانان‌و حەشدی حەویجە دەتوانن ئازادی بكەنەوە”.

هەروەها جەختیكردەوە شەڕی قەزاكە چەند دوابكەوێت، ئەوەندە كاریگەری زیاتر دەبێت چونكە وەكو ئەو دەڵێت، هەرچی هێز‌و توانای داعشە هەیە دەگوازرێتەوە بۆ حەویجە، بۆ ئەوەش نمونەی توندتیژییەكانی دژ بەهاوڵاتیان دەهێنێتەوە لەلایەن ئەو رێكخراوەوە.

كەركوك، ئابی 2014، هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەللوەرد فۆتۆ: كەركوك ناو

ناڕونی وادەی شەڕی حەویجە لەكاتێكدایە، خەڵكی قەزاكە لەوپەڕی مەترسیدا دەژین‌و لەژێر دەستی داعش، تائێستا دەیان كەس روبەڕوی كوشتن‌و توندوتیژی بوونەتەوە، جگە لەوەی خۆراك‌و دەرمان زۆر كەمبوونەتەوە یان هەر دەستناكەون، ئەوەش بەوتەی شایەتحاڵ‌و زانیارییەكان لەو ناوچەیەوە.

عەمید سەرحەد قادر، بەرێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك هۆشداریدا لەمەترسی مانەوەی داعش لە حەویجە بۆ كەركوك، دەڵێت “پێشوتریش ئێمە رامانگەیاندبوو دەبوایە حەویجە لە پێش ئازادكردنەوەی موسڵ بوایە بەڵام دیارە بەرنامەكە وابووە”.

ئەوەشی بە (كەركوك ناو)ی وت “هیوادارین رۆژێك زووتر حەویجە ئازاد بكرێت‌و ئەو مەترسیەش لەسەر كەركوك نەمێنێت، بەڵام بڕیارەكە لای حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عیراقی‌و هاوپەیمانانە”، ئامادەیی تەواوی هێزە چەكدارەكانیشی بۆ دەستپێكردنی شەڕەكە نیشاندا.

لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش‌و هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوك، ئاماژە بە دواخستنی شەڕی حەویجە كرابوو بۆ دوای ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر، ئەوەش نیگەرانی بەشێك لەپێكهاتەكانی لێكەوتەوە هەرچەندە هێشتا حكومەتی ناوەندی لەوبارەیەوە بڕیاری كۆتایی نەداوە.

حەسەن تۆران، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەرەی توركمانی هەفتەی رابردوو لە لەبەیاننامەیەكدا داوایكرد، پەلە بكرێت لەئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر، تا هاوڵاتیانی ئەو قەزایە دووچاری كوشت‌و بڕ نەبنەوە.

بەپێی راپۆرتێكی روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەم مانگەدا، داعش لە قەزای تەلەعفەر 200 هاوڵاتی بە پاساوی جۆراجۆر كوشتووە، جگە لەوەی لە سێ‌ ساڵی رابردوودا هەزاران هاوڵاتی ئەو ناوچەیە روبەڕوی توندوتیژی بوونەوە.

چڕبوونەوەی مشتومڕەكان دوای ئەوەدێت، دووشەممە 10-7-2017 دوای نزیكەی نۆ مانگ لەبەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكان كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ‌و سەركەوتنی شەڕی دژ بەداعش، لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانەوە راگەیەندرا.

زیاد لە جارێك ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك‌و سەرۆك هۆزی پێكهاتە جیاوازەكان، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی‌و كۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە، داوایان لە بەغدا كردووە شەڕی حەویجە دەستپێبكات، دوایین داواكاریش لەوبارەیەوە هەفتەی رابردوو بوو.

رێكان جبوری، جێگری پارێزگاری كەركوك لە پشكی عەرەب بە (كەركوك ناو)ی وت “خەڵكی حەویجە لە دۆخێكی زۆر دژواردا ماونەتەوە‌و مەترسی بوونی داعش بۆ سەر كەركوكیش بەردەوامە، بۆیە داوا زوو كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەكەین”.

كەركوك، 23-3-2017، گەیشتنی دەیان هاوڵاتی لە حەویجە بۆ مەكتەب خالید فۆتۆ: كەركوك ناو

عەرەبی كەركوك نایشارنەوە، رەنگە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامبدەن‌و فشاربكەن، بۆ دەستپێكردنی شەڕی حەویجە.

حاتم تائیی، سەرۆكی حزبی حەق-ی عەرەبی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “حەویجە گرنگی گەورەی هەیە‌و ناوچەیەكی ستراتیژییە، چونكە پەیوەستە بە پارێزگاكانی كەركوك‌و سەڵاحەدین‌و هەولێر‌و نەینەواوە، بۆیە پێویستە زوو كۆنتڕۆڵبكرێتەوە”.

ناوبراو هۆشداریشیدا ئەگەر زوو كۆنتڕۆڵنەكرێتەوە، ئەوا مەترسی بۆ سەر زۆر ناوچە دروستدەكات.

بەوپێیەی بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی تەلەعفەر شیعەمەزهەبن، بۆیە زۆرینەی سلكی سەربازی عیراقی‌و حەشدی شەعبیش چەندجارێك داوایانكردووە، پێش ناوچەكانی كۆنتڕۆڵبكرێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی رای ئیدارەی كەركوك‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

بەرپرسانی هەرێمی كوردستان‌و پێشمەرگە، چەند جارێك پێویستی شەڕی حەویجە‌و بەشداری سەرەكییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوپاتكردۆتەوە.

 

ئیبراهیم عەلی، بەشداری لە ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەدا كردووە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری