توركیاش وەفدی حزبەكەی بانگهێشتكردووە
ئێران داوای دواخستنی ریفراندۆم لەیەكێتی دەكات

July 16, 2017 at 5:32 pm

سلێمانی، 13-7-2017، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

كەركوك ناو- رۆژنامەی ژیان
شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات‌و تارانیش بەڕەسمی داوای دواخستنی ریفراندۆم لەو حزبە دەكات، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی باڵا.
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە، شاندێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی جێگری یەكەمی ئەو حزبە بگاتە تاران.
سەرچاوەیەكی باڵا لەیەكێتی نیشتمانی بە(ژیان)ی راگەیاند، ئێران بەڕەسمی داوای دواخستنی كاتی ریفراندۆم لەیەكێتی دەكات بەڵام دژی پرۆسەكە نییە.
وتیشی “لەسەر هەمان پرس توركیا بانگهێشتی فەرمی یەكێتی كردوە بەڵام تائێستا وەڵامی بانگهێشتنامەكە نەدراوەتەوە”.
شاندەكەی یەكێتی پێكهاتوون لەكۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی‌و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و خەسرەو گوڵ محەمەد، ئەندامی سەركردایەتی.
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران بۆ (ژیان) ئاماژەی بەوەدا، وەفدەكە لەسەر بانگهێشتی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە دەچنە تاران.
هەروەها وتی “كۆماری ئیسلامی ئێرانە لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقە‌و هەمیشەش وتویانە، پشتگیری هەر پرۆژەیەك دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان، ریفراندۆمیش تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان دەبێت”.
چونی وەفدەكەی یەكێتی بۆ تاران لەكاتێكدایە، رۆژی 11ی ئەم مانگە وەفدێكی لیژنەی ریفراندۆم سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای كرد لەبرۆكسل.
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەڵێت ئەگەر هەر وەفدێك لەهەرێمەوە بچێتە ئێران یان توركیا یان بەغدا یاخود یەكێتی ئەوروپا، ئەگەر بۆ خزمەتی ریفراندۆم بێت كارێكی باشە.
ئەوەشی بە(ژیان) وت “كارێكی باش دەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی رونبكەینەوە كە ئێمە مەترسی نین لەسەر ئێوە‌و ریفراندۆم، سەربەخۆییش مافی خۆمانە”.
بڕیارە ئەیلولی ئەمساڵ، ریفراندۆم ئەنجامبدرێت‌و وڵاتانی هەرێمیش، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیووە‌و جەخت لەسەر یەكپارچەپی عیراق، دەكەنەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری