منداڵێكی ئێزیدی لە موسڵ رزگاركرا

July 16, 2017 at 7:17 pm

موسڵ، 16-7-2017، هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن‌ منداڵێكی ئێزیدییان رزگاركرد فۆتۆ: پۆلیسی نەینەوا

كەركوك ناو
لە بەری راستی شاری موسڵ، منداڵێكی پێكهاتەی ئێزیدی رزگار كرا‌و تائێستا رادەستی كەسوكاری نەكراوەتەوە، بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی نەینەوا.

واسق حەمدانی، فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا ئەمڕۆ یەكشەممە 16-7 ئاشكرایكرد، هێزەكانی فەوجی فریاكەوتن توانیویانە لە رۆژئاوای موسڵ كچە منداڵێكی ئێزیدی رزگاربكەن، ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوڵاتیان.
ئەو منداڵە، ناوی سریە سیدۆیە‌و تەمەنی شەش ساڵە، تائێستا نازانێت كەسوكارەكەی لەكوێ‌ نیشتەجێن.

رزگاركردنی ئەو منداڵە، دوای چەند رۆژێك دێت لە راگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی شاری موسڵ، كاتێك 10-7 حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە، لە موسڵی كۆنەوە سەركەوتنی شەڕی دژ بەداعشی راگەیاند.

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا، دەیان رفێنراوی ئێزدی لەلایەن سوپاو پۆلیسی فیدراڵی‌و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)وە رزگاركراون، لە هەفتەكانی رابردووشدا چەندین هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە لە شاری رەققەی سوریا، رزگاركران‌و گەڕێنرانەوە هەرێمی كوردستان.

ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، شەش هەزار‌و 417 كەس بوون لە ژن‌و كچ‌و منداڵ‌و پیاو، لەو ژمارەیە تائێستا زیاتر لە سێ‌ هەزاریان رزگاركراون‌و زیاتر لە نیوەیان، چارەنووسیان دیارنیە، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری