پەرلەمانتارێکی ئێزیدی: ئەو کچەى لە موسڵ دەستگیرکرا ئێزیدی نییە

July 17, 2017 at 11:57 am

وێنەى ئەو کچەى لە موسڵ دەستگیرکراو گوماندەکرا ئێزیدی بێت

موهەند سنجاری
نوێنەرێکی ئێزدییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رەتیدەکاتەوە، ئەو کچەى کە چەند رۆژێک لەمەوبەرو لە شاری موسڵ دەستگیرکرا، ئێزیدی بێت، هەرچەندە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە ئێزیدییەو لە دەستی داعش رازگارکراوە.

نوسینگەى پەرلەمانتار حەجی کەندور کە نوێنەرى ئێزیدییەکانە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق بە (کەرکوک ناو)ى راگەیاند کە “پەرلەمانتار حەجی کەندور سەردانى بارەگاى هێزەکانى دژە تیرۆرى عیراقی کردووە لە بەغداو چاوی بەو کچە دەستگیرکراوە کەوتووە و قسەى لەگەڵدا کردووە بۆى دەرکەوتووە کە ئەو کچە ئەڵمانییە و ئێزیدی نییە”.

نوسینگەى ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەشکردووەتەوە کە “ئەو پەرلەمانتارە پەیوەندییەکى لە نێوان باوکى ئەو کچە ئێزیدیە رێکخستووە کە گومانى هەبوو ئەو کچەى دەستگیرکراوە کچی ئەو بێت لە رێگەى فایبەرەوە، بەوهۆیەوە باوکى کچەکە بەناوى خالد گورۆ رەتیکردۆتەوە کە ئەوەى دەستگیرکراوە کچە رفێنراوەکەى ئەو بێت، بەهۆى ئەوەى کە لە شێوەدا زۆر لە کچەکەى دەچێت بۆیە گومانى ئەوەى لادروست بووە کە کچەکەى خۆیەتى”.

پێشتر خالد گورۆ رایگەیاندبوو کە سەردانى شارى موسڵى کردووە تاوەکو چاوى بەو کچە بکەوێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەکەى بڵاوکراوەتەوە و باسلەوەکراوە کە کچێکى روسییە و قەناس بە دەستێکى داعشە، “بەڵام نەیتوانیوە چاوى پێبکەوێت بەهۆى ئەوەى رەوانەى شارى بەغدا کرابوو”، هەر بەپێی نوسینگەى راگەیاندنی پەرلەمانتار حەجی کەندور.

خالد گورۆ رایگەیاندووە کە لە مانگى ئابى ساڵى 2014 کچەکەى لەلایەن چەکدارانى رێکخراوى داعشەوە لەکاتى هەڵهاتنیان بەرەو چیاى شەنگال دەستگیرکراوە.

دوێنێ یەکشەممە 16-7 فەرماندەى پۆلیسى نەینەوا رزگارکردنى کچێکى ئێزیدی راگەیاند، ئەمەش دواى ئەوەی ژنێکى دانیشتووى موسڵ هاوکاریی هێزەکانیانى کردووە لە دۆزینەوەى ئەو کچەدا لە بەرى راستى شارى موسڵ.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری