که‌رکوک: هه‌‌زاران واژۆ کۆکراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ ئه‌ندامبوونی عیراق له‌ دادگای تاوانی نێوده‌و‌ڵەتی

July 17, 2017 at 2:27 pm

کەرکوک،17-7-2017، ناڕەزایی تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان فۆتۆ: عومەر جەواد

عومه‌ر جه‌واد
تۆڕی هاوپه‌یمانی رێکخراوه‌ کوردستانییەکان داوا له‌ حکومه‌تی عیراق ده‌کات په‌یماننامه‌ی رۆما واژۆ بکات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی، بە ئامانجی ئەوەى لە عیراقی نوێدا تاوانی کۆمەڵکوژی دوبارەنەبێتەوە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌زاران واژۆیان کۆکردووه‌ته‌وه‌.

تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان، کە لە ژمارەیەک رێکخراوو چالاکوانی مەدەنی پێکدێن، ئەمڕۆ دووشەممە 17-7 گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا، کە ئامانج لێی فشار دروستکردن بوو بۆ سەر حکومەتی عیراق تا ببێتە ئەندام له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌کی تۆڕه‌که‌دا که‌ له‌ گردبوونه‌وه‌که‌دا خوێنرایه‌وه‌، تیایدا هاتووه “‌له‌ 17ی ته‌مووزی 1998 په‌یماننامەی رۆما لەلایەن 124 وڵاتەوە پەسەندکراوە، دوای چەندین جار هەموارکردنەوەى لە مانگی تەمووزی 2002 بووە هۆکاری پێکهێنانی دادگای نێودەوڵه‌تی و له‌ 139 وڵات دانیپێدانرا”.

تۆڕەکە جەختدەکاتەوە لەوەى “بۆ ئه‌وه‌ی تاوانی کۆمه‌ڵکوژی لە عیراقی نوێدا دوباره‌نه‌بێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پێکهاته‌ مه‌زهه‌بیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی عیراق، پێویسته‌ حکومه‌تی عیراق رێککه‌وتننامه‌که‌مه‌ واژۆبکات”.

حکومه‌تی عیراق له‌ 15ی شوباتی 2005 رایگه‌یاندووه‌ که‌ پابه‌ندی په‌یماننامه‌ی رۆما ده‌بێت، به‌ڵام دوای دوو هه‌فته‌ به‌بێ هیچ رونکردنه‌وه‌یه‌ک، بێده‌نگی لێکرد، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ هه‌رێمی کوردستان سکاڵایه‌کی فه‌رمی له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعش تۆمارکرد سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌کان له‌دژی ئێزیدی، مه‌سیحی و شه‌به‌ک.

تۆڕی هاوپه‌یمانی رێکخراوه‌ کوردستانییه‌کان جه‌ختده‌کاته‌وه‌ که‌ “له‌‌کاتی به‌شداربوونمان له‌ کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی‌ چه‌ندین چاوپێکه‌وتننمان له‌گه‌ڵ داواکارانی گشتی دادگاکه‌ ئه‌نجامداوه‌و پشتیوانی خۆیان بۆ ئه‌و سکاڵایانه‌ ده‌ربڕیوه‌ که ‌له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ پێشکه‌شکراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی عیراق ئه‌ندام نییه‌ ته‌واوی سکاڵاکان ره‌تکرانه‌وه‌”.

کەرکوک،17-7-2017، ناڕەزایی تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان فۆتۆ: عومەر جەواد

دادگای نێوده‌وڵه‌تی تائێستادا چه‌ندین سه‌کرده‌ی جیهانی دادگایکردووه‌‌، له‌وانه‌ موعه‌ممه‌ر قه‌زافی سه‌رۆکی پێشوی لیبیاو عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر، سەرۆکی پێشووی سودان، به‌ڵام به‌هۆی ئەوەى عیراق پابه‌ندنه‌بووە بە پەیماننامەکەوە دادگاکە نەیتوانیوە رۆڵی لە عیراقدا هەبێت.

تۆڕی هاوپه‌یمانی رێکخراوه‌ کوردستانییه‌کان، ماوه‌ی 12 ساڵه‌ کارده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی عیراق ببێته‌ ئه‌ندام و تائێستا 1500 واژۆی په‌رله‌مانتارو‌ وه‌زیری لێپرسراوی حزبییء حکومیی کۆکراوەتەوە، لەگەڵ ئیمزای 5000 چالاکوانانی مه‌ده‌نی و راده‌ستی لایه‌نە عیراقی و کوردستانییەکان کراوە بەمەبەستی ئەوەى ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

“به‌ره‌و قۆناغێکی نوێ هه‌نگاو دەنێین بۆ ئه‌وه‌ی گره‌تنی بده‌ین که‌ له‌ عیراقی نوێدا ئه‌و تاوانانه‌ دوباره‌نابنه‌وه‌”، لە بەیاننامەى تۆڕی هاوپەیمانی رێکخراوەکاندا هاتووەو جەختکراوەتەوە “پێویسته‌ عیراق بچێته‌ نێو په‌یماننامه‌ی رۆماو حکومه‌تی هەرێم فشاره‌کانی له‌سه‌ر به‌غدا زیاتر بکات”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری