حزبە كوردییەكان چەند داواكارییەكیان هەیە
فشارەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە زیاتر دەبن

July 17, 2017 at 3:25 pm

كەركوك، 17-7-2017، كۆبوونەوەی حزبە كوردییەكان دەربارەی چەند پرسێكی شارەكە فۆتۆ: دیار تاڵیب

دیار تاڵیب
حزبە سیاسییە كوردییەكانی كەركوك، چەند داواكارییەك ئاراستەی ئیدارەی شارەكە‌و حكومەتی ناوەندی عیراق دەكەن، لە نێویاندا ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە، كە تادێت فشارەكان لەوبارەیەوە زیاتر دەبن.

ئەو هەڵوێستەی حزبە كوردییەكان، لە دیدارێكی هاوبەشدا هات ئەمڕۆ دووشەممە 17-7 لە شاری كەركوك بۆ تاوتوێكردنی چەند تەوەرێك‌و ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ دوو كۆبوونەوەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك‌و تێیدا داوایكردووە، پەلە لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە بكرێت.

سەید كەمال، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەركوكی كۆمەڵی ئیسلامی بە (كەركوك ناو)ی وت “كۆبوونەوەی لایەنەكان بەردەوامی دەبێت‌و هەوڵمانداوە تەبایی‌و یەكڕیزی ناو لایەنە سیاسیەكان لە كەركوك بپارێزین، نەمانهێشتوە ناكۆكیەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری هەبێ لەسەرمان”.

بەپێی بەلاغی كۆبوونەوەكە پشگیری بۆ ئیدارەی كەركوك نیشاندراوە لەبڕیار هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان، داواكراوە هەوڵبدرێت مەترسییە ئەمنییەكان لەسەر شارەكە نەهێڵدرێت‌و پەلەش بكرێت لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە، جگە لە چاككردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەكو كارەبا، چاوخشانەوە بە نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان‌و باشكردنی كوالێتی بەنزین.

كەركوك، 17-7-2017، كۆبوونەوەی نەجمەدین كەریم لەگەڵ وەفێدی وەزارەتی ناوخۆی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق داوای ئەكتیڤكردنی میكانیزمی تایبەت بە ڕاوەدوونانی چەكدارانی داعشی كردووە دوای قۆناغی ئازادكردنەوەی ناوچە داگیركراوەكان.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگار، نەجمەدین كەریم ئاماژەی بەوەداوە چاوەڕوانی سەردانیكردنی وەزیری ناوخۆ دەكەن بۆ كەركوك، تا لە نزیكەوە ئاشنا بێت بە بارودۆخی ئەمنی شارەكە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری كەركوك داوای لەفەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كرد پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە دەستپێبكات، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان.

نەجمەدین كەریم وتی “ئەوەی مایەی داخە دواكەوتنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی قەزای حەویجە‌و دەوروربەریەتی، سەرەڕای داواكاری بەردەواممان بۆ بەرپاكردنی ئەو هەڵمەتە”.

قەزای حەویجە‌و چەند ناحیەیەی دەوروبەری، لە ساڵی 2014وە كەوتونەتە دەستی داعش‌و تائێستا وادەی كۆنتڕۆڵكردنەوەیان دیارنییە‌و ئەگەر هەیە، بكەوێتە دوای شەڕی قەزای تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری