چەند بڕیارێك لەبارەی ئێزیدییەكانەوە دەردەكرێت

July 17, 2017 at 4:35 pm

موسڵ، 16-7-2017، كۆبوونەوەی بەشار كیكی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگا

كەركوك ناو
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا‌و ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، رێككەوتن لەسەر هەماهەنگی بۆ هەڵمەتەكانی گەڕان بەدوای هاوڵاتییانی ئێزیدی رفێنراو، بە ئامانجی ئەوەی رزگاربكرێن‌و جارێكیتر بەكەسوكاریان شادبكرێنەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، بەشار كیكی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لیوا نەجم جبوری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بڕیاریان لەبارەی چەند رێوشوێنەكەوە داوە بۆ پرۆسەی دۆزینەوەی ئێزیدییەكان.

لەو كۆبوونەوەیەدا بە ئامادەبوونی دەزگا ئەمنییەكان، جەخت لە بەردەوامی پرۆسەكانی گەڕان بە دوای ئێزیدیەكاندا كراوە، وەكو لە دوایین دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاكەش جێگیركراوە، پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ ئاشكراكردنی شوێنەكانی دەستبەسەركردن‌و رزگاربكرێن.

لە خاڵێكی تری گفتوگۆكانیاندا، بڕیاردراوە لەرێی وتاری مزگەوتەكانەوە هاوڵاتیانی موسڵ هانبدرێن بۆ ئاشكراكردن‌و پێدانی زانیاری لەسەر شوێنی رفێنراوانی ئێزیدی، ئەگەر زانیارییان هەبوو.

هەروەها ئاماژە بە رۆڵی هاوڵاتیان لەو پرسەیەدا كراوە، بە تایبەت ئەوانەی رفێنرانی ئێزیدی دەناسن سود لە زانیارییەكانیان وەربگیرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان، تا تاوانباران دەستگیربكرێن.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، منداڵی ئێزیدی رزگاركراو بە ناوی نازك تەمەن حەوت ساڵ، بە كەسوكاری شادكرایەوە.

موسڵ، 16-7-2017، هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن‌ منداڵێكی ئێزیدییان رزگاركرد فۆتۆ: پۆلیسی نەینەوا

چڕكردنەوەی ئەو هەوڵانە، دوای چەند رۆژێك دێت لە راگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی شاری موسڵ، كاتێك 10-7 حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە، لە موسڵی كۆنەوە سەركەوتنی شەڕی دژ بەداعشی راگەیاند.

لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا، دەیان رفێنراوی ئێزدی لەلایەن سوپاو پۆلیسی فیدراڵی‌و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)وە رزگاركراون، لە هەفتەكانی رابردووشدا چەندین هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە لە شاری رەققەی سوریا، رزگاركران‌و گەڕێنرانەوە هەرێمی كوردستان.

ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، شەش هەزار‌و 417 كەس بوون لە ژن‌و كچ‌و منداڵ‌و پیاو، لەو ژمارەیە تائێستا زیاتر لە سێ‌ هەزاریان رزگاركراون‌و زیاتر لە نیوەیان، چارەنووسیان دیارنیە، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری