لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك: پێكهێنانی هێزی سەربازی توركمانی پشتبەستوو بە توركیا رەتدەكەینەوە

July 17, 2017 at 5:53 pm

كەركوك/29-3/خۆپیشاندانی بەرەی توركمانی لەبارەی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك، پێكهێنانی هێزێكی سەربازی توركمانی پشتبەستوو بە توركیا رەتدەكاتەوە‌و پێیوایە، هەڕەشەیە بۆ ئەمنی شارەكە‌و عیراق بە گشتی.

لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17-7 لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك جەختیكردەوە پێكهێنانی هێزێكی سەربازی توركمانی پشت بەستوو بە توركیا رەتدەكاتەوە، هاوڵاتیان بەسەرجەم پیكهاتەكانیانەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگە، ئاسایش‌و پۆلیسەوە دەپارێزرێن.

“لیژنەی ئەمنی‌و ئیدارەی كەركوك‌و هاوڵاتییانی شارەكە پێكهێنانی وەها هێزێك كە لەلایەن وڵاتێكی دراوسێوە یان هەر وڵاتێكی تری بیانییەوە‌ پشتگیری بكرێت بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەنەوە”.

وەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە “پێكهێنانی هێزی لەوشێوەیە كارێكە دژ بە بنەماكانی دەستوری عیراقە‌و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنی عیراق بە گشتی‌و شاری كەركوك بە تایبەتی، هەلێكە كە هەندێك بۆی دەگەڕێن بۆ نانەوەی دووبەرەكی‌و پشێوی نانەوە لە نێوان پێكهاتەكاندا كە برایەتی لە نێوانیاندا بەرقەرارە”.

هەروەها لیژنەی ئەمنی كەركوك رونیكردۆتەوە، هەر هاوڵاتییەك لەهەر پێكهاتەیەك بیەوێت وەك تاك خۆبەخشانە لەڕێگای یاسایی لە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگە‌و دامودەزگا ئەمنییەكاندا خزمەت بكات، دەرگا بۆی واڵایە.

پێكهاتەی توركمانی شاری كەركوك بە تایبەت بەرەی توركمانی، چەند ساڵێكە داوای پێكهێنانی هێزی تایبەت بە پێكهاتەكەیان دەكەن‌و بۆ ئەوەش چەندین داواكارییان ئاراستەی حكومەتی ناوەندی كردووە، بە پاساوی ئەوەی لەو شارەكە دەكرێنە ئامانج‌و وەكو پێویست پارێزگارییان لێناكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە لە سێ‌ ساڵی رابردوودا چەندین هێزی جیاواز لەلایەن دەزگا سەربازییەكانی عیراق‌و هەرێمی كوردستانەوە، بۆ پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكان دامەزرێنراون‌و تائێستاش، داهاتووی ئەو هێزانە دوای شەڕی داعش دیارنییە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری