“فەردەیەك ئارد گەیشتۆتە هەزار دۆلار”
شەرگات؛ مەرگ هەڕەشە لە 20 هەزار مەدەنی دەكات

July 17, 2017 at 9:49 pm

سەڵاحەدین، تەمموزی 2016، ژنێك‌و دوو منداڵی ئاوارەی شەرگات پشوو دەدەن لەسێبەری خێوەتێكدا فۆتۆ: رۆیتەرز

كەركوك ناو
لە بەری رۆژهەڵاتی قەزای شەرگات، 20 هەزار مەدەنی روبەڕوی هەڕەشەی مەرگ بوونەتەوە بەهۆی گەمارۆ‌و توندوتیژییەكانی چەكدارانی داعشەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ.

روانگەی عیراقی ئەمڕۆ دووشەممە 17-7 ئاشكرایكرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستیان گەیشتووە رێكخراوی داعش، لە رۆژهەڵاتی شەرگات لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین گەمارۆی خستۆتە سەر خەڵك، بە گومانی پەیوەندییەكان بە هێزە عیراقییەكانەوە روبەڕوی ئەشكەنجە‌و سزایان دەكاتەوە.

جگە لەوەش، هاوڵاتیان بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن‌و داعش لە هەوڵدایە زیاتر دەسەڵاتی خۆی قایمبكات، رێگە نادات هاوكاری یەكتری بكەن بە تایبەت لە كاتی نەخۆشیدا، تەنیا ئەوانە نەبێت لەنێو رێكخراوەكەدا چەكداریان هەیە.

بەشێك لە قەزای شەرگات ساڵی رابردوو كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و بەری چەپ (رۆژهەڵاتی) شارەكە، لەگەڵ ناوچەكانی حەویجە‌و تەلەعفەر‌و روبەرێكی پارێزگای ئەنبار، هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە‌و بڕیارە لەمساڵدا، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەیان ئەنجامبدرێت.

سەڵاحەدین، ئەیلولی 2016، هێزە عیراقییەكان توانییان بەشێكی زۆر لە شەرگات كۆنتڕۆڵبكەنەوە فۆتۆ: AFP

خوزەیر فەلاح، ناوی خوازراوی گوندی سدیرە كە یەكێك لە 40 گوندەكەی ژێر دەستی داعش لە رۆژهەڵاتی شەرگات‌و دەڵێت، دۆخی مرۆییان زۆر قورسە‌و هەموان بەئاواتی رزگاربوونن، تەنانەت ئەگەر بە مردنیش بێت.

بەوتەی ئەو هاوڵاتییە، هەموو شمەك‌و دەرمانێك هەیە بەڵام بە نرخی زۆر گران دەفرۆشرێت، ئەوەش وایكردووە خەڵك گژوگیا لەبەری ژەمەخۆراك لێبنێن‌و بیخۆن.

نرخی خۆراك‌و شتومەك لە رۆژهەڵاتی شەرگات زۆر بەرزبۆتەوە، فەردەیەكی 50 كیلۆیی ئارد گەیشتۆتە نزیكەی هەزار دۆلار، یەك لیتر زەیتی چێشتلێنان بە 40 دۆلار‌و كیلۆیەك شەكر بە 90 دۆلارە، یەك سابون بە 12 دۆلار‌و قوتویەك دۆشاوی تەماتە بە 40 دۆلار دەفرۆشرێت.

سەڵاحەدین، تەمموزی 2016، ئاوارەكانی شەرگات لەكاتی وەرگرتنی هاوكاری مرۆیی فۆتۆ: رۆیتەرز

وسمی سەحن، بەرێوەبەری ناحیەی بەری (چەپ) رۆژهەڵاتی شەرگات دەڵێت زیاتر لە 20 هەزار مەدەنی روبەڕوی هەڕەشەی مردن بونەتەوە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە بەردەوامی هەیە.

هەروەها وتی “خەڵك باخچەی ماڵەكانیان بە گژوگیا وەرزییەكان دەچێنن بەهۆی ئەوەی ماددە خۆراكییەكان ناگاتە ناوچەكیان یان ئەگەر بگات بە نرخێكە ناتوانن بیكڕن”.

بەپێی راپۆرتەكەی روانگەی عیراقی، پێشێلكارییەكانی داعش دژ بە هاوڵاتیانی شەرگات زۆر گەورەیە‌و پێویستە حكومەتی بەغدا، پەلە بكات لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكە‌و رزگاركردنی خەڵك.

رۆژانە داعش بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێت پەیوەندییان بە هێزە عیراقییەكانەوە هەیە، وەكو سەرچاوە ناوخۆییەكانی ئەو ناوچەیە ئاشكرایدەكەن، هەر كەسێك گومانی لێبكرێت راستەوخۆ لە سێدارەدەدرێت.

سەڵاحەدین، ئەیلولی 2016، ئەندامێكی هێزە عیراقییەكان لەتەنیشت دیوارێك كە دروشم‌و ئاڵای داعشی لەسەرە لەشەرگات فۆتۆ: رۆیتەرز

هاوڵاتییەكی ئاوارەی بەری چەپی شەرگات دەڵێت جاروبار لەگەڵ كەسوكاری لە ناوچەكانی ژێر دەستی داعش پەیوەندی دەكات‌و لە زاری ئەوانەوە باسی لەوەكرد، دۆخەكە لەوێ‌ چیتر تەحەممول ناكرێت‌و ئەوەی داعش دەیكات، هەمان شتە كە چەكدارەكانی لە موسڵ كردیان.

روانگەی عیراقی لەزاری دوو هاوڵاتی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بڵاویكردۆتەوە، لە 12ی ئەم مانگەدا داعش سێ‌ كەسی رفاندووە بەپاساوی ئەوەی دڵخۆش بوون بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، “دەترسین وەكو بەری راستی موسڵمان بەسەربێت، كە خەڵك لەلایەن داعش‌و بە بۆردومان دەكوژران یان وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنران”.

شاری موسڵ، دوای نزیكەی نۆ مانگ لە ئۆپەراسیۆنی نەینەوا لە 10-7ی ئەمساڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە‌و هێشتا حكومەتی عیراق، بڕیاری نەداوە ئۆپەراسیۆنی داهاتوو بۆ كام ناوچە دەبێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری