ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ یەكێتی: ریفراندۆم دەبێتە هۆی لاوازی كورد‌و زیادبوونی فشارەكان

July 17, 2017 at 6:47 pm

تاران، 17-7-2017، كۆبوونەوەی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران‌و وەفدی یەكێتی فۆتۆ: میدیاكانی ئێران

كەركوك ناو
عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران جەختیكردەوە لەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، دەبێتە هۆی لاوازی‌و گۆشەگیركردنی كورد، فشارەكانیش زیاتر دەكات.

ئەو هەڵوێستەی ناوبراو ئەمڕۆ دووشەممە 17-7، لە كۆبوونەوەیەكدا هات لە تاران لەگەڵ وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی‌و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی ئەو حزبە، بەپێی ئاژانسی مێهری ئێران.

بەرپرسەكەی ئێران بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی پەراوێزكەوتن‌و گۆشەگیركردن‌و فشار لە سەر كوردەكانی عیراق.

شەمخانی جەختیكردۆتەوە “ریفراندۆم دەبێتە هۆی لاوازبوونی كورد‌و كوردستان، بەگشتی هەموو وڵاتی عیراق”، ئەوەشی رونكردۆتەوە “عیراقی ئەمن‌و یەكگرتوو، دابینكاری ئاسایشی جێگیر، بەردەوام پێشكەوتنی ئەم وڵاتە بووە‌و دەبێ وڵاتانی دۆستی عێراق، پشتیوانی لەم هەڵوێستە بكەن”.

شاندی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرانێكی فەرمی لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە هەرێم‌و ئەو وڵاتە، یەكێك لە تەوەرەكانیش ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمە.

سلێمانی، 13-7-2017، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ فۆتۆ: راگەیاندنی یەكێتی

یەكێتی 13-7‌و لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا، بڕیاریدا پابەندی ریفراندۆم بێت لەسەر بنەمای كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و لەرێی وەفدێكیشەوە، گفتوگۆ ئەو پرۆسەیە‌و چەند پرسێك لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بكات.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری