ئاسایشی كەركوك: پێنج داواكراو دەستگیركران

July 17, 2017 at 7:05 pm

كەركوك، 17-7-2017، دەستگیركردنی پێنج تۆمەتبار بەیاسای تیرۆر لە داقوق فۆتۆ: ئاسایشی كەركوك (پارتی)

سیروان حسێن

لە سنوری قەزای داقوق، پێنج هاوڵاتی خەڵكی ناوچەكانی حەویجە‌و عەباسی دەستگیركران بە تۆمەتی چەكدارێتی بۆ داعش‌و ئەنجامدانی كردەوەی توندوتیژی، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی ئاسایش.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك (پارتی) ئەمڕۆ دووشەممە 17-7 بڵاویكردەوە، بەپێی چەند زانیارییەك‌و دوای چاودێریەكی ورد، هێزەكانیان لەهەڵمەتێكی گەڕان‌و پشكنیندا توانیویانە پێنج داواكراو لە داقوق دەستگیربكەن.

“خەڵكی گوندەكانی سەر بە شارۆچكەی (حەویجە)‌و شارەدێی (عەباسی) بوون، ئەم تیروریستانە داواكراون لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوكەوە بەپێی مادەی (٤)ی تیرۆر”.

وەكو لە راگەیەندراوەكەی ئاسایشدا هاتووە “بەشێك لەم تیرۆریستانە چەكداری داعش بوون‌و دەستیان هەیە لە ژمارەیەك كارو كردەوەی تیرۆریستی جۆراوجۆر، ئەوانەی دیكەش شانی نوستوی داعش بوون‌و زانیاریان ئەدایە تیرۆریستانی داعش”.

ئێوارەی پێنجشەممە 13-7یش، لە كەمپی ئاوارەكانی قەزای داقوق (44كم باشوری پارێزگای كەركوك)، ئافرەتێك بە پێی یاسای تیرۆر‌و بەتۆمەتی ئەوەی بەرپرسیارێتی لە نێو داعشدا هەبووە‌و بەرێوەبەری دیوانی پەروەردەی رێكخراوەكە بووە لە ناحیەی زاب-ی سنوری حەویجە، دەستگیركرا.

یەكەمجار نییە تۆمەتباران لە حەویجەوە، لەرێی ئاوارەكانەوە بیانەوێت هەوڵی هەڵاتن بدەن‌و پێشتریش لە داقوق، چەندین كەس دەستگیركراون.

قەزای حەویجە (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك)‌‌و ناحییەكانی زاب، رەشاد، ریاز، عەباسی، لە ناوەڕاستی 2014ەوە كەوتونەتە دەست داعش‌و تێكڕا، سەدا 32ی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن‌و تائێستا، بڕیاری كۆنتڕۆڵكردنەوەیان نەدراوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری