گه‌مه‌ی ریفراندۆم له‌ “ناوچه‌ی جێناكۆك”: كوردستان بە ئامانجه‌كه‌ی دەگات؟

July 30, 2017 at 10:32 pm

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017، فۆتۆ: بنار سه‌ردار

شۆڕش خالید

به ‌بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عیراق، “ناوچه‌ی جێناكۆك” له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ریفراندۆم ده‌یگرێته‌وه‌، به‌ڵام پێناچێت سەرکردایەتی کورد بیری له‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی پرۆسه‌كه‌ و دەرئەنجامەکانی كردبێته‌وه‌، ریفراندۆم چۆن ده‌كرێت؟ ته‌حه‌دییه‌كانی چین؟ تائێستا وه‌ڵامی ئه‌مانه‌ روون نین، بۆیه‌ خودی ئه‌نجامی پرۆسه‌كه‌ پێناچێت بێكێشه‌ بێت.

7-6ی ئەمساڵ- ٢٠١٧، مەسعود بارزانی، لەگەڵ  سەرکردە و نوێنەری پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان ‌و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کە خاوەنی 30 کورسیی پەرلەمانین کۆبووەوە، بڕیاریاندا رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی کوردستان‌و “ناوچەی جێناکۆک” ریفراندۆم سازبکرێت.

پرۆسه‌كه‌ سه‌رباری بڕیارلێدان و دروستکردنی هه‌ڵایه‌كی میدیایی گه‌وره‌، هه‌نگاو و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئەو مەبەستە سستن، ئەمە سه‌ره‌ڕای ده‌یان ئاسته‌نگی جۆراوجۆر لەوانە ئه‌منی، سیاسیی و یاسایی‌، ئه‌مانه‌ پێمانده‌ڵێن كه‌ هه‌ردوو ئه‌گه‌ری سازدان و سازنەدانی ریفراندۆم له‌ئارادایه‌.

ئاسته‌نگی ئه‌منیی

ژمارەیەک یەکەی ئیداریی لە‌ “ناوچه‌ی جێناكۆك”دا، هێشتا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدان ‌و به‌وهۆیه‌وه‌ ناتوانرێت ریفراندۆمیان تێدا ئه‌نجامبدرێت، له‌وانه‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك و ناحییه‌كانی (زاب، ره‌شاد، ریازو عه‌باسی) له‌ هه‌مان قه‌زا كه‌ لە سه‌دا 32ی پارێزگای كه‌ركوك پێكده‌هێنن به‌پیێ  راگەیاندنەکانی ئیداره‌ی كه‌ركوك.

هێشتا هه‌ندێك “ناوچه‌ی جێناكۆك”‌ كه‌ بڕیاری ریفراندۆم ده‌یانگرێته‌وه‌، ئارام نین له‌وانه‌ قەزای شه‌نگال و ناوچەکانی دەوروبەری له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هێزه‌ چه‌كداره‌‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عيراق.

له‌كاتێكدا حكومه‌تی عیراقی دژایه‌تی سازدانی ریفراندۆم ده‌كات، زۆرێك له‌ “ناوچه‌ی جێناكۆك” له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌غدادایه‌ نه‌ك هه‌ولێر، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای دیاله‌ له‌وانه‌ ناحییه‌كانی (سەعدیە، مەندەلی، بەدرە و جەسان)، هه‌روه‌ها چه‌ند ناوچه‌یه‌كی قه‌زای شه‌نگالیش له‌‌ نه‌ینه‌وا.

هاوکات، بەشێک لە “ناوچه‌ی جێناكۆك”‌ هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌هۆی هێرشی داعشه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سەر زێدی خۆیان و له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، له‌وانه‌ خه‌ڵكی جه‌له‌ولا، سه‌عدییه‌ و مه‌نده‌لی له‌ پارێزگای دیاله ‌و شه‌نگال و ناحییه‌كانی ده‌وربه‌ری له‌ نه‌ینه‌وا و سلێمان به‌گ له‌ سه‌ڵاحه‌دین، جگه‌ له‌ خه‌ڵكی قه‌زای حه‌ویجه‌ و ناحییه‌كانی كه‌ هێشتا به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن‌.

ئاسته‌نگی سیاسەتی‌ ناوخۆیی

پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی “ناوچه‌ی جێناكۆك” له‌سه‌ر سازدانی ریفراندۆم ناکۆکن، جگه‌ له‌ به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان هیچ پێكهاته‌یه‌كی تری نه‌ته‌وه‌یی پشتیوانی پرۆسه‌كه‌ ناكات، ئه‌وه‌ش ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ریفراندۆمه‌.

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017، كه‌ركوك له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامدان یان ئه‌نجامنه‌دانی ریفراندۆمدایه‌ فۆتۆ: بنار سه‌ردار

عه‌ره‌ب و توركمان كه‌ له‌به‌شێك “ناوچه‌ی جێناكۆك” زۆرینه‌ن دژایه‌تی ریفراندۆم ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌كاریگه‌ریی دانان له‌سه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ داده‌نرێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان كاری بۆ ده‌كات و ئه‌گه‌ری پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌ی خواسته‌كانی هه‌رێمی كوردستانە کە بۆ ریفراندۆم هەیەتی‌. بۆ نمونه،‌ بەشی سەرەکی دۆسییەی ئاسایشی قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ “ناوچه‌كانی جێناكۆك” به‌ده‌ست حه‌شدی توركمانییه‌وه‌یه‌و به‌غدا پشتیوانیان ده‌كات، دوور نییه‌ له‌ ڕۆژی ریفراندۆمدا کێشە بۆ دانانی سندوقی ده‌نگدان دروستبێت به‌تایبه‌ت له‌دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ه‌وه،‌ چه‌ند جارێك پێكدادان له‌نێوان ئه‌و هێزه‌و پێشمه‌رگه‌ روویداوه‌و قوربانی هه‌بووه‌، گره‌نتی نییه‌ دووباره‌نه‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ نمونه‌یه‌كه‌ بۆ ناحییه‌كانی سه‌عدییه، به‌دره ‌و جه‌سان له‌ دیاله‌ و شه‌نگالیش له‌ موسڵ‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لێپرسراوانی هه‌رێمی كوردستان كه بەرپرسن لە سازدانی‌ ریفراندۆم و كه‌متر له‌ دوو مانگی ماوه‌، هه‌وڵی جدییان نه‌داوه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان و بڕواپێهێنانیان بۆ ده‌نگدان به‌ “به‌ڵێ” بە پرۆسەکە.

كێشه‌ی ناوخۆیی هێزه‌ كوردییه‌كان

هێزه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌ك ده‌نگی بڕیاری ریفراندۆمیان نه‌داوه‌، كه‌ ئامانجیان به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی “ناوچه‌ی جێناكۆكه‌”، گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی 750 هه‌زار ده‌نگن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شداری ئه‌و كۆمیتەیە ‌و لیژنانه‌یان نه‌كردووه‌ كه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی پرسی ریفراندۆم پێكهێنراون، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش كه‌ ‌هێزی یه‌كه‌مه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك تێبینی “یاسایی” هه‌یه‌.

کاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بۆته‌ پێشمه‌رجی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ به‌شداریكردن له‌ ریفراندۆمدا، له‌ئێستادا هه‌مان داوای یه‌كێتیشه، ‌هه‌رچه‌نده‌ پارتی هه‌وڵه‌كانی بەو مەبەستە چڕكردۆته‌وه‌ به‌ڵام پێناچێت وا به‌خێرایی رووبدات، چونكه‌  بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌دوای هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری گشتیی بزوتنەوەکەیانەوە جه‌خت‌ له‌وه‌ دەکەنەوە دەبێت کاری لەپێشینە بۆ باشكردنی بژێوی خه‌ڵك بێت‌.

ئایا هه‌رێمی كوردستان بە ئامانجه‌كه‌ی دەگات؟

له‌دواین هه‌ڵوێستیاندا، لێپرسراوانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌ سازدانی ریفراندۆم له‌واده‌ی خۆیدا، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئەو ئاسته‌نگانەی لە سه‌ره‌وه‌ ئاماژەیان پێدرا به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراویی ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئەوە لە ئارادایە کە ئامانجه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لە سازدانی ریفراندۆم ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگ ببێتەوە.

پیرمام، 30-7-2017، دووەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم فۆتۆ: سایتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان

كه‌ركوك وەک نمونه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی “ناوچه‌ی جێناكۆك”

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كه‌ به‌گوێرەی دەنگەکانی دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ ساڵی 2014دا، خاوه‌نی نزیكه‌ی نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوكه‌‌ به‌ (209964) هه‌زار ده‌نگ، وه‌ك لێپرسراوانی یه‌كێتی ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر به‌شداریی پرۆسه‌كه‌ نه‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌نگی “به‌ڵێ” زۆرینه‌ نابێت له‌ پارێزگاكه‌. چونكه توركمانەکان كه‌ پێدانی به‌ڵێ-یان بۆ پرۆسه‌كه‌ ره‌تكردۆته‌وه‌ خاوه‌نی 71 هه‌زار و 400 ده‌نگن و پێكهاته‌ی عه‌ره‌بیش کە خاوه‌نی  92 هه‌زار ده‌نگن به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ سازدانی ریفراندۆمدا نین.

سەرەڕای ئەوەش، هه‌رێمی كوردستان گومانده‌كات حكومه‌تی عیراق له‌و ناوچانه‌ رێگریی له‌ ریفراندۆم بكات كه‌ به‌غدا ئاسایشیان ده‌پارێزێت، وه‌ك ئەوەی هۆشیار سیوەیلی، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی په‌ره‌گرافی وتووه‌، به‌ڵام سەبارەت ئه‌و ئاسته‌نگه‌ ئه‌منییانه ده‌ڵێت “قەزایەك لە 5 ناحیيە پێكهاتووە، ئەگەر 4 ناحیيە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، ئەمە زۆرینە نییە لەو قەزایە؟”، ئه‌مه‌ وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌ داده‌نێت كه‌ دێنه‌ رێگه‌یان.

به‌ڵام له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج، كه‌ له‌باره‌ی “ناوچه‌ی‌ جێناكۆك‌”ەوە ده‌نووسێت، ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ریفراندۆم له‌ سه‌ر بنه‌مای پارێزگا بکرێت، ئەوا ئه‌سته‌مە‌ دیاله، تكریت، نه‌ینه‌واو كه‌ركوك بتوانن ره‌زامه‌ندی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنەکانی عیراق و حكومه‌تی عیراق به‌ده‌ستبهێنن بۆ سازدانی ریفراندۆم. گریمان ئه‌و گرفتە‌ش چارەسەردەبێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و بازنانه‌ی ده‌نگدان،‌ كورد هیچ شوێنێك ناباته‌وه‌ به‌ كه‌ركوكیشه‌وه،‌ كه‌ ره‌نگه‌ دۆخی له‌وانی تر باشتر بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌ بازنه‌یه‌ك دابنێین، كورد خورماتوو له‌ چوارچێوه‌ی تكریتدا ده‌دۆڕێنێت، خانه‌قین و شوێنه‌كانی تریش له‌ چوارچێوه‌ی دیاله‌دا،‌ ئه‌مه‌ بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌واش هه‌روایه‌. سەبارەت بە كه‌ركوكیش ئه‌گه‌ر حه‌ویجه‌ به‌ نه‌خێر ده‌نگ بدات، ئه‌ویش بردنه‌وه‌ی زۆر ئه‌سته‌مه.”

گرفته‌كانی به‌رده‌م ریفراندۆم هه‌رچییه‌ك بن، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، له‌دوایین هه‌ڵویستیدا یه‌كشه‌ممه‌ 30-7 بڕیاریدا بە پێكهێنانی شاندێك بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداو وادەی ئەنجامدانی پرۆسەكەیشی وەكو خۆی هێشتەوە.

6 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری