شەوێکی سامناک؛ داعش جەلاد و کاکەیی قوربانی

July 31, 2017 at 9:08 pm

كه‌ركوك، 29-7-2017، ره‌حمان حسامه‌دین له‌گه‌ڵ كاروان ساڵحی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)

کاروان ساڵحی
شەوێکی تاریکی گوندێکی دوورەدەستی کاکەیی نشینە، کوڕە (١٥) ساڵانەکەی مام حسامەدین لەسەر راسپاردەی باوکی چووە بەردەرگا بۆ ئەوەی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکات تا بۆ بەرەبەیانی رۆژی دواتر ئامادەبێت، سولفێکی لێدا و دەستیکرد بە گوێگرتن لە گۆرانی. لەناکاو دەنگی فیشەکێک رەحمان حسامەدین رادەپەڕێنێت و لە جامەکەوە تارمایی ژمارەیەک چەکدار دەبینێت.

رەحمان ئۆتۆمبێلەکەی باوکی دەکوژێنێتەوەو کەمێک لە جامێکیان دەکاتەوە، لە ماوەی نیو کاتژمێردا بەچاوی خۆی ئەو دیمەنە تراژیدییە دەبینێت کە کاتژمێر 11ی شەوی چوارشەممە 26-7، داعش بەسەر خێزانەکەیدا هێنا. دایک و باوک و خوشکێکی خەڵتانی خوێنکران و برایەک و براژنێکی لە باشوری خۆرئاوای قەزای داقوق رفێنران.

“دەنگی غەڵبەغەڵب دەهات، سەیری ئەو شوێنەم کرد کە دەنگی تەقەکەی لێوەهات وردە وردە تا نزیکەی 20 چەکدارم بینی، بەرەو ماڵەوەمان دەهاتن”، رەحمانی کوڕە بچوکی ماڵەکە وای وت.

ئەو مێردمنداڵە سێ رۆژ دوای رووداوەکە بە (کەرکوک ناو)ی وت “من هەر لە جامەکەوە چاودێریم دەکردن، بینیم چەکدارەکان لە لای ماڵی هاوسێکەمانەوە بەرەو ماڵی ئێمە دەهاتن، دوو کوڕی ماڵە دراوسێکەمانیان گرتبوو”.

داقوق، 29-7-2017، گوندی ته‌په‌ی دووسه‌ر ئه‌و گونده‌ی داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر خێزانێكی كاكه‌یی و شوانه‌كه‌یان و چوار كه‌سی كوشت و چواری تریشی رفاند فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

دەستپێکردنی روداوە خوێناوییەکە
لەوکاتەی چەکدارەکان دەگەنە خانووەکەی حسامەدین نەجمەدین، سۆرانی برای رەحمان کە ئێستا رفێنراوە و لای داعشە، چەکەکەی هەڵدەگرێت، بەڵام چەکدارەکان کە جلوبەرگی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوکیان لەبەردابووە و بە کوردی قسەیان کردووە، داوای هاوکارییان لەماڵی حسامەدین کردووە.

رەحمان وتی “وتیان پێشمەرگەین، کەمینمان هەیەو وەرە لەگەڵمان، ئیتر سۆرانی برام چەکەکەی داناو ویستی بچێت لەگەڵیان، بەڵام لەوکاتەدا باوکم هاتە دەرەوەو وتی وەرن چایەک بخۆنەوە، بەڵام ئیتر تەقە دەستیپێکرد و دایکم و باوکم و خوشکەکەمیان کوشت لەگەڵ شوانەکەمان کە دراوسێمان بوو”.

حسامەدین کاکەیی لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو، لە گوندی تەپەی دووسەر کە دەکەوێتە خۆرئاوای قەزای داقوق، 44کم لە باشوری کەرکوک بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوو.

رەحمان کە ئێستا لە گوندەکەی خۆیان چەکی کردۆتە شان، وتی “چەکدارەکان بەوەوە نەوەستان، بەڵکو سۆرانی برام (17 ساڵ)و ژنی برایەکی ترمان و دوو کوڕی شوانەکەمانیان رفاند”.

تەواوی روداوەکە لە کەمتر لە نیوکاتژمێردا روویداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە گوندی تەپەی دووسەر لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەیدایە، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ هۆکاری ئاشکراکردنی چۆنیەتی دزەکردنی چەکدارەکانی داعش پێکهێناوە.

چەکدارەکان دوای کوشتنی چوار کەس و رفاندنی چواری دیکە، گوندەکە بەجێدەهێڵن، رەحمانیش دوای بینینی رووداوێکی تراژیدی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتەخوارەوەو وتی “ئەگەر لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیمایە، ئەوا منیشیان دەکوشت یان دەڕفاند”.

كه‌ركوك، 29-7-2017، ره‌حمان حسامه‌دین نه‌جمه‌دین (15ساڵ) پاشماوه‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر خێزانه‌كه‌یان نیشانی په‌یامنێری كه‌ركوك ناو ده‌دات كه‌ بووه‌هۆی كوشتنی دایك، باوك و خوشكێكی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

چاره‌نووسی دیله‌كان
سێ رۆژ دوای رووداوه‌که‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی که‌رکوک دوو ژنی ئاواره‌ له‌ که‌مپێکی قه‌زای داقوق ده‌ڕفێنن و گومانده‌که‌ن یه‌کێکیان ژن و ئه‌و‌ی تریشیان خوشکی ئه‌میرێکی داعش بێت کە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبوبێت، ئه‌وه‌ش بەگوێرەی سێ سه‌رچاوه‌ که‌ بۆ (که‌رکوک ناو) قسه‌یان کردووه‌و جه‌ختده‌که‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی “هه‌وڵده‌درێت دیل به‌ دیلیان پێبکرێت”، له‌گه‌ڵ ئه‌و رفێنراوه‌ کاکه‌ییانه‌ی لای داعش دەستبەسەرن.

سەرچاوەیەک که‌ له داقوق به‌رپرسیارێتی ئه‌منی هه‌یه‌ و لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە به‌ (کەرکوک ناو)ی وت “بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئێمە کەوتون‌، ئەو ئافرەتانە لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتی کاکه‌یی و بەهاوکاریی هێزە ئەمنییەکان لە کەمپێکی داقوق ڕفێندراون لە بەرامبەر رفاندنی ژن و مێرمنداڵێکی کاکەیی و دوو هاوڵاتی عەرەب لە گوندێکی سەر بە قەزای داقوق”.

وتیشی “ئەو ژنانەی ڕفێندراون خوشک و هاوسەری ئەمیرێکی داعشن کە لە ئێستادا لە قەزای حەویجەیەو بەپێی زانیارییەکانیش رفێنراوە کاکییەکان ئێستا لای ئەو ئەمیرەی داعشن، ئەو ژنانەش لە کەمپی داقوق بەمەبەستی ئاڵۆگۆڕکردن لەگەڵ رفێنراوە کاکەییەکان براون. کاکەییەکانیش هەوڵدەدەن بەوشێوەیە رفێنراوەکانیان ئازادبکەن”.

موقەدەم فەرهاد نزار کاکەیی، جێگری ئامرفەوجی پێشمەرگەی کاکەییەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت “زانیاریی باوەڕپێکراومان هەیە ئەو چوار کەسەی کە لەلایەن داعشەوە رفێنراون لە ناحیەی رەشاد بینراون، بەڵام هیچ زانیارییەک دەربارەی سەلامەتی گیانیان نازانین”.

ناحیەی رەشاد، کە یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای حەویجە و لە ناوەڕاستی ساڵی 2014دا کەوتنە دەستی داعش‌، هێشتا بڕیاری کۆنتڕۆڵکردنەوەیان نەدراوە.

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت، “لەگەڵ چەند سەرۆک هۆزێک و کەسایەتیەکی ناحیەی رەشاد‌ لە هەوڵداین تا قەناعەتیان پێبکەین‌ ئەو چوار کەسە بگەڕێننەوە”.

رەحمان دوای له‌ده‌ستدانی دایک و باوک و خوشکێکی، دەیەوێت هەرچۆنێک بێت بە برا و براژنەکەی شادبێتەوە و وتی “حکومەتی هەرێمی کوردستان دیل بە دیل یاخود ئۆپەراسیۆن دەکات گرنگ ئەوەیە دیلەکانمان ئازادبکەن”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری