وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بارزانی: ریفراندۆم دوابخەن

August 11, 2017 at 8:19 pm

رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا فۆتۆ: ده‌نگی ئه‌مریكا

كەركوك ناو
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، داوای دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات‌و پشتگیری وڵاتەكەی، بۆ دیالۆگ‌و دانوستانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێم نیشاندەدات.

قسەكانی رێكس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هات ئێوارەی پێنجشەممە 10-8 لەگەڵ مەسعود بارزانی، ئەوەش بەپێی سایتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردۆتەوە.

“وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد بۆ بڕیاری پێكهێنان و ناردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوساندن لەسەر پرسە سیاسییەكان”.

هەر بەپێی بەیاننامەكە‌و لەو پەیوەندییە بەرپرسەكەی ئەمریكا رایگەیاندووە “پێی باشە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دوابخرێ و پشتگیریی خۆیشی بۆ دیالۆگ و دانوساندنی نێوان هەرێم و بەغدا دووپات كردەوە”.

لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی جەختیی لەوە كردۆتەوە بەمنزیكانە شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاییندەی پەیوەندیی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

لەبارەی داواكاری بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم “بارزانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای ڕاگەیاند كە ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان لە ڕابردوو و لە قۆناغی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی بۆ دەدا جێبەجێ نەكرا، هەر بۆیەش گەلی كوردستان بڕیاری دا ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر”.

هەروەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە بارزانی پرسیاری ئەوەی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كردووە “لە بەرانبەر دواخستنی ڕیفراندۆم چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئاییندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟”.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری