وردەكاری هێرشەكەی داعش بۆ سەر پێشمەرگە لە داقوق

August 12, 2017 at 11:48 am

كەركوك، 12-8-2017، بەسەركردنی شوێنی هێرشەكانی داعش لە داقوق لەلایەن پێشمەرگەوە فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس
چەكدارانی رێكخراوی داعش، بە چەكی قورس‌و خۆكوژەوە هێرشێكی فراوانیان ە دوو قۆڵەوە كردە سەر فەوجی كاكەكییەكان‌و لە ئەنجامدا، زیاتر لە كاتژمێرێك شەڕ‌و روبەڕبوونەوەی توند روویدا.

هێرشەكەی داعش، دوای كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو 11-8 لە دوو گوندی سنوری قەزای داقوقی پارێزگای كەركوكەوە دەستیپێكرد‌و هێزەكانی پێشمەرگەی كاكەیی كردە ئامانج، بەڵام دوای پێكدادانەكان‌و بەهاناوەچونی هێزی زیاتر داعش تێكشكێنرا.

فەرهاد نزار، جێگری فەوجی كاكەییەكانی هێزی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ی وت “ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیانكردە سەر ساترێكی پێشمەرگە لە گوندی ئەلبومحەمەد‌و دەستیان بەسەرداگرت، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان كۆنتڕۆڵی بكەینەوە”.

“ژمارەیەك چەكداری داعش كوژراون‌و زانیاریمان لایە چەند چەكدارێكیشیان لێكدابڕاون، بەڵام بە داخەوە سێ‌ پێشمەرگە شەهید‌و شەشی دیكەش برینداربوون”.

سەرەتای هێرشەكەی داعش، لەرێی خۆتەقاندنەوەی خۆكوژێكەوە بووە بە هێزەكانی پێشمەرگەدا، دواتر بە چەچكی قورس‌و سوك، تەقە‌و پێشڕەوی چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە بەرەو سەنگەری پێشمەرگە چڕكراوەتەوە.

كەركوك، 11-8-2017، نەخۆشخانەی گشتی داقوق لە كاتی وەرگرتنی پێشمەرگەدا بریندارەكاندا فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

نەقیب دیدار ئبراهیم، فەرماندەی سریەی بارەگای فەوجی كاكەیی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ی وت “چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی زەگلاوە‌و غیدە كە نزیكی قەزای داقوقە هێرشیانكرد‌و كاتژمێرێك شەڕی دەست‌ویەخەمان كرد، لەچەندین جێگاوە بە چەكی قورس تەقەیان لە ئێمە كرد‌و ئێمەش توانیمان وەڵامیان بدەینەوە”.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، شەش داعش كوژراون‌و ژمارەیەك برینداریان هەبووە بەهۆ شەڕەكەوە.

هەروەها وتیشی “بەهۆی هێرشەكەوە‌و تا كەمترین زیانمان بەربكەوێت، ناچاربوین بارەگای فەوج چۆڵبكەین، بەڵام دواتر لە هێرشێكی پێچەوانەدا توانیمان چەكدارەكان تێكبشكێنین‌و بارەگاكە كۆنتڕۆڵبكەینەوە”.

نەقیب دیدار دەڵێـت “بەهۆی خراپی ناوچەكە‌و بوونی دار‌و درەختێكی زۆر ژاژ‌و زەل، تیرۆریستانی داعش دزەیان كردبووە ناوچەكە‌و لە سەنگەرەكانمان نزیك ببوونەوە”.

چەكدارەكانی داعش، لە كاتی هێرشەكەدا بۆمبی‌و تەقەمەنی جۆراجۆریان پێبووە، بەشێكیان لەكاتی تێكشكاندا بەجێهێشتووە‌و بە وتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە، نیازیان هەبوو لە ناوچەكەدا دایبنێن بەڵام فریانەكەوتوون.

كەركوك، 12-8-2017، داعش بەسودوەرگرتن لەسورشتی ناوچەكە دزەدەكاتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەداقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

لیوا محەمەد حاجی قادر، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت “لەبەرئەوەی داعش لە موسڵ شكستیهێناوە، لایەنی دەرونییان روخاوە‌و ژمارەیەك لە چەكدارەكان روویان لەناوچەكە كردووە، لە رێگەی كردەوەی تیرۆریستییەوە دەیانەوێت خۆیان پیشانبدەنەوە، بەڵام لە هەموو هێرشەكانیاندا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە شكستیان پێهێنراوە”.

لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا، چەكدارانی داعش چەند جارێك هێرشیانكردۆتە سەر ناوچە جیاوازەكانی سنوری قەزای داقوق بە دووری 44كم لە باشوری كەركوك، بە تایبەتیش لەگەڵ پێشمەرگەی كاكەیی، روبەڕوبوونەتەوە.

فەوجی كاكەیی سەر بە لیوای 9ی هێزەكانی پێشمەرگەیە، لە چەند ناوچەیەكی باشوری داقوق كە بە “ناوچەی پڕمەترسی دادەنرێن”، جێگیركراون.

26ی مانگی رابردووش، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هەڵیانكوتایە سەر ماڵی خێزانێك لە گوندی تەپەی دووسەر لە خۆرئاوای قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك، چوار كەسیان كوشت‌و چوار كەسی دیكەشیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

هۆكارەی سەرەكی هێرشەكەكان، دەگەڕێندرێتە بۆ مانەوەی داعش لە حەویجە‌و ناحیەكانی دەوروبەری، ئەوەش وایكردووە مەترسی بەردەوام لەسەر ناوچەكانی تری كەركوك، هەروەها پارێزگا هاوسنورەكانی وەكو سەڵاحەدین‌و دیالە دروستبكات.

 

دیار تاڵیب بەشداری لە ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەدا كردووە

4 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری