شاندی باڵای ریفراندۆم دەچێتە بەغدا
“هێڵی سور بۆ هیچ كەسێك نییە لەگەڵی كۆببینەوە”

August 12, 2017 at 5:31 pm

هەولێر، 12-8-2017، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتی بارزانی فۆتۆ: سایتی سەرۆكایەتی هەرێم

كەركوك ناو
ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، بڕیاریدا لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ تاوتوێی ئەو پرۆسەیە‌و كێشەكانی تر لەگەڵ بەرپرسانی عیراق، بۆ كۆبوونەوەكانیش هێڵی سوریان لەسەر هیچ لایەن‌و كەسێك نییە.

بەپێی سایتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 12/8 بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كۆبۆتەوە، بۆ تاوتوێكردنی سەردانی چاوەڕوانكراوی شاندە باڵای كورد بۆ بەغدا.

لەو كۆبوونەوەیەدا “هێڵە گشتییەكان و ناوەڕۆكی دانوساندنەكانیش دیاری كرا”، بە راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم.

ئەو كۆبوونەوەیە دوای ئەوەهات، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كۆبوونەوە‌و لە نێو خۆیاندا لەسەر ئەجێندای گفتوگۆكان‌و كاتی سەردانەكەیان بۆ بەغدا، رێككەوتن.

سەعدی پیرە، ئەندامی وەفدی كۆمیتەی ریفراندۆم بۆ سەردانی بەغدا بە میدیای یەكێتی راگەیاند “لەبەغدا لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و لایەنە عیراقییەكان كۆدەبینەوەو هێڵی سوریش بۆ هیچ كەسێك نییە لەگەڵی كۆببینەوە”.

هەروەها وتی “بۆچونی سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە بەغدا رادەگەیەنین و بیروبۆچونی ئەوانیش وەردەگرین و دوای گەڕانەوەمان لێرە ئەنجامەكەی لەگەڵ سەركردایەتی كورد هەڵدەسەنگێنین و بڕیاری لەبارەوە دەدەین”.

بەوتەی سەعدی پیرە، وەفدەكە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەو كارنامەیەی ئامادەی كردوە سەردانی بەغدا دەكات.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، لە سێیەم كۆبوونەوەیدا دووشەممە 7-8 بڕیاری پێكهێنانی شاندی دانوستكاری هەرێمی كوردستانی لەگەڵ بەغدا پەسەند كرد، بە ئامانجی گفتوگۆ‌و رێككەوتن لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە.

ماجد عوسمان بازرگان، ئەندامی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی راگەیاند “لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەكەین… لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەغدا كۆبوونەوە لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامدەدەین”.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری