گۆڕان داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكات
“هەڵبژاردنە گشتییەكان لەوادەی خۆیاندا بكرێن”

August 12, 2017 at 7:48 pm

سلێمانی، 12-8-2017، كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان فۆتۆ: بڕیار نامیق

كەركوك ناو
بزوتنەوەی گۆڕان، بە فەرمی داوای دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆم دەكات‌و بەپێویستیشی دەزانێت، هەڵبژاردنە گشتییەكان لە وادەی خۆیاندا ئەنجامبدرێن.

ئەو داوایە ئەمڕۆ شەممە 12-8، لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەدا هات بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەهەرێمی كوردستان، بەپێی راگەیەندراوێك كە میدیای گۆڕان بڵاویكردۆتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان جەختیكردۆتەوە راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، ئامانجی هەمو خەڵكی كوردستان‌و بزوتنەوەكەیە، ریفراندۆمیش ئامرازێكە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجامدەدرێت.

“بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (25-9-2017) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و كۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ كات‌و هەلومەرجێكی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی كوردستان”.

لە خاڵێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە “هەڵبژاردنە گشتییەكان لە وادەی یاسایی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن”.

هەروەها گۆڕان داوایكردووە، چارەسەری قەیرانەكان بە گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان بێت، بەپێویستی دەزانێت پەرلەمانی كوردستان “دوای رێكەوتنی سیاسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان، ئاسایی بكرێتەوەو درێژە بە كاری یاسادانان‌و چاودێری بكات‌و بەردەوام بێت لە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم”.

داوای ئەوەشی كردووە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، هەڵبوەشێنرێتەوە‌و شەفافیەت لە داهاتی نەوت‌و غازو داهاتە ناوخۆییەكانی تر، دەستەبەربكرێت.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری