داعش كاره‌بای نیشتیمانیی كه‌ركوك و موسڵ ده‌بڕێت

August 13, 2017 at 9:49 am

پارێزگای كەركوك، وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ناوچەی مەلا عەبدوڵا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

چه‌كدارانی داعش هێڵی سه‌ره‌كی كاره‌بای كه‌ركوك – دیاله‌و مه‌نسورییه – دیاله‌یان كرده‌ ئامانج به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی 1000 مێگاوات كاره‌با له‌ سیستمی كاره‌بای نیشتیمانیی كه‌مبۆوه‌و كاره‌بای هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بڕدرا.

د. موسعه‌ب مدرس، وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ری وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بڵاویكردۆته‌وه‌ رایگه‌یاند “ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه‌ 12-8 تیرۆریستان هێڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای سه‌ره‌كی مه‌نسورییه‌ – دیاله‌، كه‌ركوك – دیاله (400كه‌یڤی)‌یان له‌ڕێی بۆمبی چێنراوه‌وه‌ كردۆته‌ ئامانج، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌و هێڵانه‌ له‌ خزمه‌ت ده‌رچوون و بوونه‌ته‌ هۆكاری وه‌ستانی یه‌كه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ یه‌كه‌كانی مه‌نسورییه‌و كه‌ركوك و خورمه‌له‌ له ‌هه‌ردوو پارێزگای دیاله‌و كه‌ركوك، بۆیه‌ نزیكه‌ی 1000 مێگاوات له‌ سیستمی كاره‌بای نیشتیمانیی كه‌مبۆته‌وه‌”.

به‌هۆی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌وه‌ هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا له‌و 1000 مێگاواته‌ بێبه‌شبوون و كاره‌بایان بڕاوه‌ هه‌ر به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت.

د. موسعه‌ب مدرس روونیشیكرده‌وه‌ “تیمه‌كانی ئه‌ندازیاریی و هونه‌ریی وه‌زاره‌ت ده‌ستیانكردۆته‌وه‌ به‌ چاككردنه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كاره‌با”.

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی عیراق بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ “تیرۆریستان به‌م كرده‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت زیان به‌ هاوڵاتیان بگه‌یه‌نن و ئیسفتزازی تواناكانی وه‌زاره‌تی كاره‌با بكه‌ن كه‌ هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رمادا كاره‌بای زیاتر بۆ هاوڵاتیان دابین بكات”.

هه‌روه‌ها داوا له‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانیش ده‌كات زیاتر هه‌وڵی پاراستنی ئه‌و هێڵانه‌ بده‌ن و هاوڵاتیانیش هه‌ر خاڵه‌تێكی نائاساییان بینی په‌یوه‌‌ندی بكه‌ن به‌و هێڵانه‌ی بۆیان دابینكراوه‌.

2 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری