جێگری سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا: ناتوانرێت موسڵ بە بودجەى عیراق ئاوەدانبکرێتەوە

August 13, 2017 at 1:27 pm

نورەدین قەبلان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ  فۆتۆ: كه‌ناڵی ئاسمانی موسڵییه‌

كه‌ركوك ناو

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، ئاشکرایدەکات کە لە سەدا 60ی بەری راستی موسڵ وێران بووە، بۆیە پلانێکی پێنج ساڵەیان داناوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بودجەیەکی گەورەیە کە هێشتا حکومەتی خۆجێی موسڵ نەیتوانیووە بڕەکەى بەتەواوی بخەمڵێنێت.

ژیان بۆ بەری چەپی موسڵ (خۆرهەڵاتی شارەکە) گەڕاوەتەوە، بەڵام بەری راست هێشتا نەتوانراوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بۆ دابینبکرێت، لەسەدا 60ی خانووەکان روخاون و چەندین بەربەستیش لەبەردەم گەیاندنی خزمەتگوزاریدا هەن.

خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی

نورەدین قەبلان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لە چاوپێکەوتنێکی (کەرکوک ناو)دا دەڵێت “بەشى زۆری پڕۆژەکانى ئاوی لاى چەپ چاککراونەتەوە، تەنانەت پڕۆژەکانى دیکەش وەک کارەبا، تەندروستى، پەروەردە و ئاسایش… بەڵام بەری راست زیانى زۆری بەرکەوتووە و ئێستاش کار بۆ چاککردنەوەى پڕۆژەى گەورەی ئاو دەکرێت کە پێدەچێت لەم مانگەدا بکەوێتەوە کار، جگە لەمەش پڕۆژە بچووکەکانى ئاو چاککراونەتەوە. لە سێکتەری کارەباش بەردەوام کار لە چاککردنەوەى هێڵەکانى گەیاندنى کارەبا بۆ ماڵان دەکرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیە کاری زۆری دەوێت”.

موسڵ، 11-7-2017، زۆرینەى بازاڕەکان بەشێکی یان بە تەواوی روخاون، هەندێک لە دوکانەکان لە ئێستادا کراونەتەوە فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

بەربەستەکانی بەردەم گەیاندنی خزمەگوزاریی

نورەدین قەبلان چەندین بەربەست باسدەکات کە کاریگەرییان لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاریی هەیە بۆ بەری راست، وتی “ئێمە لە قۆناغی گەڕاندنەوەى ئارامیداین بۆ شارەکە، بەپێى پلانى ئەنجومەن بۆ پێنج ساڵى داهاتووى موسڵ و دووبارە بونیادنانەوەی… پێموایە گەورەترین بەربەست رێککەوتنى ئەو هەموو لایەنەیە لەسەر پلانى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکانى دەستى داعش و دابینکردنى بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان”.

هاوکات دەڵێت جگە لەوەش رووخانى پردەکانى ناو شاری موسڵ یەکێکە لە بەربەستەکانى بەردەم کارکردنى یەکە خزمەتگوزارییەکان لەنێوان هەردوو لاى راست و چەپدا، “بۆیە دەکرێت بڵێین ئەمە کەمتەرخەمی ئیدارەى خۆجێى موسڵە کە دەبوایە پلانى پێشوەختى هەبووایە”.

پلانەکانی حکومەتی خۆجێی موسڵ بۆ ئاوەدانکردنەوە

پلانەکانی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، شەش مانگى یەکەم گەڕاندنەوەى ئارامییە بۆ شارەکە، ئەو پلانە لە یەکى تەمموز دەستیپێکردووەو قەبلان وتی “سەرەتای ساڵى داهاتوو بە گشتى وێنەیەکى گەورەترمان بۆ رووندەبێتەوە”.

دوای ئەو شەش مانگە، حکومەتی خۆجێی موسڵ، 24 مانگی داناوە بۆ چاککردنەوەی یەکە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

 دواتر 36 مانگى کۆتایی پلانەکە دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنى پلانى ئاوەدانکردنەوەى موسڵ، کە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و کارگەکانیش دەگرێتەوە، ئەوەش بەوەتەى جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ.

ئەو وتی “پلانەکە گشتگیرەو هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە، تەنانەت بەرەنگاربوونەوەى بیری توندڕەویی داعشیش”.

حکومەتی خۆجێی موسڵ “هێشتا هیچ بودجەیەکی نەخەمڵاندووە”، بۆ  ئاوەدانکردنەوەى موسڵ،  نورەدین قەبلان  وتی کە هۆیەکەی ئەوەیە تیمی ئەندازیاری دەستنیشانکردنى زیانەکان هێشتا کارەکانیان تەواونەکردووە کە بە وردی ژمارەکان رابگەیەنن، وتی “ئەو ژمارانەى لە راگەیاندنەکانەوە باسدەکرێت تەنها خەمڵاندنەو تیمى مەیدانى کاری بۆ نەکردووە”.

موسڵ، 11-7-2017، حکومەتی عیراق دەستپێکردووە بە نۆژەنکردنەوەو شەقامە سەرەکییەکان و هانی خەڵکی دەدات بۆ گەڕانەوەو جێهێشتنی کەمپەکان فۆتۆ: فەرمان سادق

ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ خۆشحاڵی خۆی نیشاندەدات بەوەى بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە، حەوت وەزارەتى خزمەتگوزاریی دەسەڵاتەکانیان بۆ ئەنجومەنى پارێزگاکان شۆڕبکەنەوە، “ئەوە کارئاسانى بۆ حکومەتى خۆجێى موسڵ دەکات”، قەبلان وای وت.

قەرەبووکردنەوەو سكاڵای خه‌ڵك

ئەنجومەنى پارێزگای موسڵ 34 لیژنەى جیاوازی بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان داناوە، لیژنەکان ئامادەن بۆ دەستبەکارکردن و چاوەڕوانی دەرچوونى بڕیارن لە ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران.

نورەدین قەبلان وتی “ئاوەدانکردنەوە، خزمەتگوزاریی و قەرەبوکردنەوە بە بودجه‌ى تایبەت هەیە، نەک گەشەپێدانى پارێزگاکان، چونکە بە بودجه‌ى گەشەپێدانى پارێزگاکان بە 100 ساڵى دیکەش موسڵ ناگەڕێتەوە پێش سەردەمی داعش، جگە لەمەش ئەگەر وڵاتانى کۆمەکبەخشء سندوقی دراوی نێودەوڵەتى بودجه‌ بۆ ئاوەدانکردنەوەى موسڵ و ناوچەکانى دیکە دانەنێن ئەوا بە بودجەى عیراق زۆر ئه‌ستەمە بتوانرێت ئەوە بکرێت”.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ باس لە سکاڵای خەڵک دەکات، وتی “مافه‌كانی مرۆڤ لە موسڵ پێشێلکراوە، بەڵام بەو ئاستە نییە کە باسدەکرێت. خەڵکى موسڵ ترسیان هەیە لەو هەموو هێزە چەکدارە، تەنانەت کاریگەریشی هەبووە لەسەر گەڕانەوەى ئاوارەکان”.

وتیشی “سکاڵاکان هەیە لەسەر ئەو فشارانەى دەخرێنە سەر هەندێک فەرمانگەى حکومەتء خەڵک، بەڵام زیاتر مەسەلەکان شەخسی و تاکڕەوین نەک بەرنامە بۆ داڕێژراو”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری