بەسەرهاتی رێگای مەرگ
لەهەر دوو رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک دەمرێت

August 21, 2017 at 3:18 pm

كەركوك، 6-4-2017، بارهەڵگرێك خۆی بە چەند ئۆتۆمبێلێكدا دەكێشێت فۆتۆ: شڤان محەمەد

محەمەد ئەڵماس

بارهەڵگرەکان و شوێنەواری بۆمبە چێنراوەکان هەڕەشە لەو شۆفێرو رێبوارانە دەکەن کە رۆژانە بەڕێگای نێوان کەرکوک  – بەغدادا گوزەردەکەن. رێگاکە بەڕادەیەک مەترسیدارە نازناوی “رێگای مەرگ”ی پێدراوە.

“ئەمە رێگا نییە! خاپوور بووە و بەناچاری پێیدا دەڕۆین، دەیان چاڵی گەورەى تێکەوتووە و ژیانیمان لەوێ پارێزراو نییە”، جاسم محەمەد، ئۆتۆمبێڵێکی جۆری ئاڵتیما تەکسی هەیەو رۆژانە بەو رێگایەدا گوزرە دەکات، وای وت.

جاسم کە دەیان ساڵە بەو رێگایەدا تێپەڕدەبێت، وتی “شوێنەواری تەقینەوەى بۆمبە چێنراوەکان پڕنەکراونەتەوەو چالڕ و بەرزو نزمی زۆری هەیە، رێگاکەش قەرەباڵغەو رۆژانە رووداوی هاتوچۆ روودەدات”.

رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا 255کم-ەو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە بەغداوە دەبەستێتەوە.

ئەو رێگایە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 کەوتە دەست چەکدارانی داعش و بۆ ماوەیەک هاتوچۆ تێیدا راگیرا، لەو ماوەیەدا سەدان بۆمبی چێنراو لەسەر رێگا سەرەکییەکە تەقێنرانەوەو تائێستاش نۆژەننەکراوەتەوە.

ئەبو مستەفا یەکێکی تر لە شۆفێرانی رێگاکە، وتی “بارهەڵگرەکانیش رووداوەکانی هاتوچۆیان زیاتر کردووە، بە خێرایی دەڕۆن و بارێکی زۆریان بارکردووە، بەڕاستی ژیانی رێبوارانی ئەو شەقامە لە مەترسیدایە”.

كەركوك، 8-7-2017، رێگریكردن لە دەیان ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سوتەمەنی قەرەباڵغی بۆ ناو شار دروستكرد فۆتۆ: كەركوك ناو

نێوان هەردوو قەزای دوزخورماتوو و ناحییەى ئامرلی لە پارێزگای سەڵاحەدین بە خراپترین شوێنی رێگای کەرکوک – بەغدا دادەنرێت.

لەهەردوو رۆژی 19-20ی ئەم مانگە، بەهۆی چەند رووداوێکی هاتوچۆوە 10 کەس لەو رێگایە مردون و 12ی تریش برینداربوون.

شەش لەوانەى مردون ئەندامانی یەک خێزان بوون، ئەوەش دوای ئەوەى بارهەڵگرێک لەڕێگای خۆی لایدەدات و لە ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە دەدات.

ژەنون کەریم، رێپێدراوی هاتوچۆی قەزای خورماتوو بە (کەرکوک ناو)ی وت “شۆفێری بارهەڵگرەکەمان دەستگیرکرد، چونکە سەرپێچی هاتوچۆی کردبوو و ژیانی شەش کەسی سەندەوە”.

وتیشی “زۆرینەى ئەو رووداوانەى لەڕێگای کەرکوک – بەغدا روودەدەن، پەیوەندی بەڕێگای نێوان دوزخورماتوو و ئامرلی-یەوە هەیە… بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاکەوە هەیە، بەشێکیشی بۆ خێرایی بارهەڵگرەکان کە هەندێکجار بە پێچەوانەى رێگای خۆیان دەڕۆن”.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی رێگاکانی دەرەوەی کەرکوک، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 56 کەس لە رێگای کەرکوک – بەغدا مردوون و 73ی تریش بریندار یان کەمئەندام بوون، ئەوەش لە 113 رووداوی هاتوچۆدا، بەو پێیەش لەهەر دوو رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێکی گیانلەدەستدەدات.

ئەبو مستەفا بە دەنگێکی بەرزتر وتی “رۆژانە بەرپرسان بەم رێگایەدا دەڕۆن  لە بەغداوە بۆ کوردستان بەپێچەوانەشەوە ، ئەم رێگایەش دەبینن بەڵام چاکی ناکەن.

عەقید ئەیاد عەواد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی رێگاکانی دەرەوەی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت “لەم رۆژانەدا پلانێکمان هەیە بۆ دانانی هێمای زیاتری هاتوچۆ لەسەر رێگای کەرکوک – بەغداو سزادانی ئەو شۆفێرانەشی کە پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ نابن، ئەوەش بۆ ئەوەى رووداوەکانی هاتوچۆ کەمببنەوە”.

 بەپێی پلانەکە هەر ئۆتۆمبێڵێکی بارهەڵگر بارەکەی زیاتربێت لە قەبارەی خۆی روبەڕوی سزادان دەبێتەوە بەغەرامکردنی 50 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری