“قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر كۆنترۆڵكرایه‌وه‌”

August 27, 2017 at 12:28 pm

كه‌ركوك ناو

عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵڵا، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی “واهاتین نه‌ینه‌وا”، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری راگه‌یاند.

كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27-8 شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی له‌زاری فه‌رمانده‌ی ئۆ‌په‌راسیۆنه‌كانی (واهاتین ته‌له‌عفه‌ر)ه‌وه‌، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری له‌ چه‌كدارانی داعش راگه‌یاند.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ “هێزه‌كانی فیرقه‌ی نۆی زریپۆش و هه‌ردوو لیوای 29 و 11ی حه‌شدی شه‌عبی گه‌ڕه‌كه‌كانی عه‌سكه‌ری، پیشه‌سازی باكور، ناوچه‌ی پیشانگه‌كان و ده‌روازه‌ی‌ ته‌له‌عفه‌رو گوندی ره‌حمه‌یان كۆنترۆلكرده‌وه‌ به‌مه‌ش  ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر كۆنترۆڵكرایه‌وه”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ كه‌ له‌ گۆره‌پانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی واهاتین نه‌ینه‌وا، ته‌نیا ناحیه‌ی عیازییه‌و گونده‌كانی ده‌روبه‌ری ماوه‌.

راشیگه‌یاند كه‌ له‌ئێستادا هێزه‌كانیان به‌ره‌و ناحییه‌ی ‌عیازییه‌‌ جوڵه‌یان پێكراوه‌.

ئەوەش لەكاتێكدایە تا‌ هەینی، 16 گەڕەكی تەلەعفەر لە كۆی 28 گەڕەكی قەزاكە كەوتبوونە دەستی هێزە عیراقییەكان، بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی راگەیاندنی جەنگی.

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا، بەرەبەیانی 20-8 دەستیپێكرد‌و لە چەند رۆژی شەڕەكەدا، چەندین گەڕەك‌و گوند‌و ناوچەی دەوروبەری شارەكە‌و ناوشاریش لە ژێر دەستی داعش دەرهێنراوە.

قەزای تەلەعفەر بە ‌دووری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتووانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتوون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش قەزاكەی كۆنترۆڵكردوو خەڵكەكەی بەتایبەت توركمانەكان روبەڕوی ئاوارەیی و راوەدونان و گرتن و كوشتن بوونەوە.

ئەو ئۆپەراسیۆنەكە، یەكەم شەڕی هێزە عیراقییەكانە دوای ئەوەی لە 10ی تەمموزی ئەمساڵ، كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی شاری موسڵ راگەیەندرا، ئەوەش پاش نزیكەی نۆ مانگ لە پێكدادان‌و روبەڕوبوونەوە لەگەڵ داعش.

 

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن