داوای لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ كوشتنی دوو ژنه‌ ئاواره‌ له‌ كه‌ركوك

August 28, 2017 at 11:43 am

كەركوك، ئۆكتۆبەری 2016، كەمپێكی ئاواره‌كان له‌ قه‌زای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

کەرکوک ناو

نوێنەرانی کەرکوک لە پێکهاتەى عەرەب، پارێزگاری کەرکوک بە “بەرپرسیار” دەزانن لە کوشتنی دوو ژنی پێکهاتەکەیان و دواتر فڕێدانی تەرمەکانیان لە دەرەوەى شار، بەو هۆیەوە داوا لە حکومەتی عیراق و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن لێکۆڵینەوە بکەن.

پێنجشەممەى رابردوو 24-8 پۆلیسی داقوق له‌ڕێی (که‌رکوک ناو)ه‌وه‌ هەڵگرتنەوەى ته‌رمی دوو ژنی له‌ خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای داقوق (55کم باشوری که‌رکوک) راگەیاند،‌ که‌ شوێنه‌واری گوله‌یان پێوه‌بووه‌، ئه‌و دوو ژنه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 50 بۆ 55 ساڵ بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ رۆژی پێشووتر له‌ گه‌ڕه‌کی (حه‌ی نیدا) له‌ ناوەندی شاری که‌رکوک دوو ژن له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداری نه‌ناسراوه‌وه‌ رفێنران.

خالید مه‌فره‌جی و محه‌مه‌د ته‌میم، دوو نوێنه‌ری پیکهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، هه‌ینی رابردوو 25-8 له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا جه‌ختیانکرده‌وه‌ که‌ رفاندنی ژنانی عەرەب دەخەنە بەردەم رای گشتی.

لە بەیاننامەکەدا کە کۆپییەکی دەست (کەرکوک ناو) کەوتووە هاتووە “ته‌رمی دوو ئافره‌تی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب‌ له‌ نزیک کێڵگه‌کانی جه‌مبور له‌ نزیک داقوق دۆزرانه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ ژنانی عه‌ره‌ب له‌لایه‌ن گروپێکه‌وه‌ رفێنراون و لای ده‌زگا ئه‌منییه‌کان که‌رکوکن و ئازادنه‌کراون”.

“له‌م دواییه‌دا دیارده‌ی کوشتن و رفاندن و روتکردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن مافیاکانی تاوانی رێکخراوه‌وه‌ زیادی کردووە، ئه‌و کارانه‌ به‌به‌رچاوی ده‌زگا ئه‌منییه‌ حکومییه‌کان و هه‌ردوو حزبی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان)ەوە دەکرێن، بێئه‌وه‌ی بتوانن هیچ کارێک بکه‌ن بۆ پاراستنی گیان و شه‌ره‌ف و سامانی هاوڵاتیانی که‌رکوک”، هه‌ر به‌پێی به‌یاننامه‌که‌.

ئەو دوو پەرلەمانتارە، نه‌جمه‌دین که‌ریم، پارێزگاری که‌رکوکیان به “بەرپرسیار”ی رووداوه‌کان‌ دەزانن و هۆشداریی ده‌ده‌ن لە مه‌ترسی پەرەسەندنیان، بۆیە جەختدەکەنەوە “پارێزگاری که‌رکوک به ‌به‌رپرسیار ده‌زانین، ئەو وازی لە به‌رپرسیارێتی خۆی هێناوەو سه‌رقاڵی راپرسی هه‌رێمی کوردستانە… داوا له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی ده‌که‌ین به‌ئەرکی خۆی هه‌ستێت و داوا له‌ نه‌ته‌وه‌یەکگرتووه‌کانیش ده‌کەین لێکۆڵێنه‌وه‌ له‌ رووداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ بکات، به‌تایبه‌ت رفاندنی ژنان و کوشتنیان”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هۆبه‌ى نه‌هێشتنى تاوانه‌کانى داقوق به (که‌رکوک ناو)ى وت “کاتژمێر یه‌کی شه‌وی 24-8 دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ بوونی دوو ته‌رم ئاگادارکرانه‌وه‌، چوونه‌ گوندی عومه‌ری بن خه‌تاب له‌ ناوچه‌ی جه‌مبور و ته‌رمه‌کانیان هه‌ڵگرته‌وه‌”.

وتیشی “ته‌رمه‌کان دوو ژن بوون و ته‌مه‌نیان له‌نێوان 50 بۆ 55 ساڵ بووە و شوێنه‌واری گوله‌ به‌ سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌…ئه‌گه‌ری زۆره‌ ته‌رمه‌کان ئه‌و دوو ژنه‌ رفێنراوه‌بن که‌ چوارشه‌ممه‌ 23-8  له‌ گه‌ڕه‌‌کی حه‌ی نیدا له‌ که‌رکوک رفێنران”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك كه‌ له‌به‌ر هه‌ستاریی بابه‌ته‌كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌رمی ئه‌و دوو ژنه‌ له‌ پزیشكی دادوه‌رین و ناسراونه‌ته‌وه، به‌ڵام چاوه‌ڕێی رێوشوێنی یاسایین بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ستی كه‌سوكارییان بكه‌ینه‌وه‌”، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كی تر بدات له‌باره‌ی كه‌سوكارو ناسنامه‌یان.

نوسینگه‌ى رۆژنامه‌وانى نه‌جمه‌دین که‌ریم، پارێزگاری کەرکوک، لە وه‌ڵامى ئه‌و دوو پەرلەمانتارەدا جەختیکردەوە کە “ئەو هه‌واڵه‌ى وروژێنرا سه‌باره‌ت ڕفاندنى چه‌ند ژنه‌ ئاواره‌یه‌کى عه‌ره‌ب بێ بنه‌مایه‌ و سه‌رتاپاى هه‌ڵبه‌ستراو و درۆیه‌ و هیچ هاوڵاتییه‌ک سکاڵاى ده‌رباره‌ى وه‌ها ڕوداوێک تۆمار نه‌کردووە”.

هەروەها هاتووە “تەواوی ئه‌و ڕێوشوێنه‌ ئه‌منییانه‌ى ئیداره‌ى که‌رکوک و لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگا ده‌یگرێته‌به‌ر له‌ ڕێگاى دادگاکانەوەن و به‌ پشتبه‌ستن به‌ دام و ده‌زگاکانى دادپه‌روه‌ریی‌ ئه‌نجام ده‌درێن”.

 پارێزگارى که‌رکوک ته‌ئکید دەکاتەوە کە “ئامانجه‌کانى ئه‌وانه‌ى ئه‌و درۆیانه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن ئاماده‌کارى پێشوه‌خته‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو و ئاسته‌نگ خستنه‌ به‌ر خێرا به‌رپاکردنى هه‌ڵمه‌تی ئازادکردنه‌وه‌ى حه‌ویجه‌یه‌”.

ناوبه‌ناو له‌ که‌رکوک ته‌رمی ژنان له‌ شه‌قام و رێگا سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌دۆزرێنه‌وه‌، کە ناجێگری دۆخی ئابووری، داب‌ونەریت، هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ژنی دووەم ‌و بەزۆر بەشوودان، بەهۆکارە دیارەکانی توندوتیژی دژی ژنان دادەنرێن لە کەرکوک، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌دواداچوونه‌کانی رێکخراوه‌کانی داکۆکیکه‌ر له‌ مافه‌کانی ژنان و لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.

لە 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2016دا 793 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان لەکەرکوک تۆمارکراوە، ئەوەش بەپێی ئامارێکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ‌ و ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری