حه‌شدی شه‌عبی مه‌شقی سه‌ربازیی به‌ منداڵان ده‌کات

August 29, 2017 at 2:40 pm

كه‌ركوك/ئابی 2017/  حه‌شدی شه‌عبی خولێكی سه‌ربازیی و به‌كارهێنانی چه‌ك بۆ منداڵان ده‌كاته‌وه‌ له‌ گوندیكی ناحیه‌ی تازه‌ 20كم باشووری كه‌ركوك فۆتۆ: عیماد جه‌باری

عومه‌ر جه‌واد

حه‌شدی شه‌عبی مه‌شقی سه‌ربازیی و چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی چه‌ک به‌ سه‌دان منداڵ ده‌کات که‌ ته‌مه‌نیان له ‌خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ خولێکی راهێناندا که‌ له‌ ناحیه‌ی تازه‌ 20کم باشوری که‌رکوک کرابۆوه‌. منداڵه‌کان که‌ زۆرینه‌یان خوێندکاربوون، هاوینی ئه‌مساڵ خوله‌که‌یان ته‌واوکرد، تیایدا راهێنانیان له‌سه‌ر هونه‌ره‌کانی جه‌نگ و  جۆره‌کانی چه‌ک کرد.

زه‌کی‌ که‌هیه‌، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی قائم-ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “بیرمان له‌ داهاتووی عیراق کردۆته‌وه ‌و بڕیارماندا مه‌شق به‌ خوێندکاران بکه‌ین، نه‌ک به‌شداریپێکردنیان له‌ شه‌ڕه‌کاندا، بۆیه‌ سودمان له‌ پشووی‌ هاوین وه‌رگرت و سه‌دان که‌س وه‌ک خۆبه‌خش به‌شدارییان له‌ یه‌که‌م خولدا کرد”.

یه‌که‌م خولی حه‌شدی شه‌عبی بۆ منداڵانی که‌رکوک‌‌ له ‌مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن فه‌وجی قایمه‌وه‌ کرایه‌وه‌.

زه‌کی وتیشی “ئه‌و فێرخوازانه‌ له‌ نزیک سه‌نگه‌ره‌کان مه‌شقیان له‌سه‌ر چۆنێتی به‌کارهێنانی‌ چه‌ک و زانیاریی سه‌ربازی‌ پێکراوه‌‌، به‌گشتی‌ ته‌مه‌نی‌ به‌شداربووان له‌ نێوان 14 بۆ 18 ساڵدا بووه‌”.

كه‌ركوك/ئابی 2017/  حه‌شدی شه‌عبی خولێكی سه‌ربازیی و به‌كارهێنانی چه‌ك بۆ منداڵان ده‌كاته‌وه‌ له‌ گوندیكی ناحیه‌ی تازه‌ 20كم باشووری كه‌ركوك فۆتۆ: عیماد جه‌باری

حه‌شدی شه‌عبی، جه‌ختده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی دوای به‌شداریکردنیان له‌ خوله‌که‌ منداڵه‌کان بۆ خویندن گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌له‌فی تایبه‌تیان هه‌یه‌و بڕیاره‌ به‌شدارییان پێبکرێت له‌ ته‌واوی بۆنه‌ ئاینیی و سه‌ربازییه‌کان.

هاوکات، ئه‌بو ره‌زای‌ نه‌جار، لێپرسراوی حه‌شدی‌ شه‌عبی له‌ میحوه‌ری‌ باکوری عیراق به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “راهێنان به‌م گه‌نجانه‌ ده‌کرێت له‌سه‌ر شه‌ڕکردن و به‌کارهێنانی‌ چه‌ک، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر دڵۆپه‌ خوێنی شه‌هیدێک سه‌دان گه‌نج وه‌ک خۆبه‌خش په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌که‌ن”.

وتیشی “ئه‌وانه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ ناوچه‌کانی‌ خۆیان له‌ ئه‌گه‌ری‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی‌ روداوێکی‌ هاوشێوه‌ی‌ ساڵی 2014 کاتێک داعش هاته‌ نێو شاره‌کانه‌وه ئاماده‌ده‌کرێن”.

به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان مه‌شقپێکردن و خراپبه‌کارهێنانی منداڵ له‌ بواری سه‌ربازیدا به‌ تاوانی جه‌نگ ئه‌ژمارده‌کرێت، له‌ یاسا عیراقییه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه‌ رێگه‌پێدراو نییه‌.

له‌ 40 ساڵی رابردوو یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌ک په‌ره‌ی پێدراوه‌ که منداڵان باشتر بپارێزێن له‌ خراپبه‌کارهێنانیان له‌بواری سه‌ربازیدا.

له‌ ساڵی 1977دا، پرۆتۆکۆڵه‌ زیادکراوه‌کان بۆ په‌یماننامه‌ی جنێفی 1949، ناونوسکردن و به‌کارهێنانی منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵی قه‌ده‌غه‌کرد، که‌ ئێستا به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی رۆمای بنه‌ڕه‌تیی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ تاوانی جه‌نگ هه‌ژمارده‌کرێت، ئه‌م حوکمه‌ش به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ناوچانه‌دا جێبه‌جێده‌کرێت جا له‌ ژێر دەسەڵاتی حکومه‌ت یان گروپی چه‌کدار بن.

قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی منداڵان له‌ خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵییه‌وه‌ جارێکی تر له‌ په‌یماننامه‌ی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافه‌کانی منداڵان له‌ 1989 جه‌ختیلێکرایه‌وه‌، بۆیه‌که‌مجار منداڵی واپێناسه‌کرد که‌ هه‌رکه‌سێکه‌ له‌ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه‌.

جوان حه‌سه‌ن، سه‌رۆکی لیژنه‌ی ژنان و منداڵان و مافه‌کانی مرۆڤ، له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، دووشه‌ممه‌ی رابردوو 28-8 بڕیاربوو له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانی حه‌شدی شه‌عبیدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆببێته‌وه‌.

جوان  به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “ئێمه‌ به‌ ڤیدیۆ و وێنه‌ لامانه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی مه‌شق و راهێنانیان پێده‌کرێت ته‌مه‌نی یاساییان ته‌واو نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ش پێشێلکاریی مافه‌کانی منداڵه‌ به‌پێی یاساکانی عیراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان”.

وتیشی “ئه‌وان (حه‌شدی شه‌عبی) له‌ ناحییه‌ی تازە ره‌تیانکرده‌وه‌ به‌شداریی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌پاساوی ئه‌وه‌ی قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە ‌له‌ ده‌سه‌ڵاتی لێپرسراوی باکوری حه‌شدی شه‌عبی-یه‌ نه‌ک ئه‌وان”. به‌ڵام وتی “ئێمه‌ وه‌ک ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک به‌رده‌وامده‌بین له‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ و داوامان له‌ حه‌شدی شه‌عبی کردووه‌ لیستی ته‌واوی ناوی منداڵه‌کان و ته‌مه‌نیانمان بۆ بنێرن”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری