سێ‌ لیژنە بۆ پرۆسەكە پێكهێنراوە
پرسی ریفراندۆم نابرێتە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا

September 1, 2017 at 11:20 am

موسڵ، 29-5-2017، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەن

كەركوك ناو
كوتلەی پارتە كوردییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، پرسی ریفراندۆم ناخەنە گفتوگۆو دەنگدانی ئەو ئەنجومەنەوە، بۆیە راستەوخۆ‌و پاڵپشت بە داواكاری ناوچەكانی جێناكۆك لەو سنورە داوای بەشدارییان كردووە لە پرۆسەكەدا.

ئەندامانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە كۆی 39 كورسی تەنیا 11 كورسییان هەیە بۆیە نایانەوێت هاوشێوەی كەركوك‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك لە ئەنجومەن داواكاری بەشداری لەو پرۆسەیە بخەنە دەنگدانەوە.

لە سنوری پارێزگای نەینەوا، چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، زۆرینەیان بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی قەزا‌و ناحیەكان بڕیاریانداوە بەشداری لە ریفراندۆمدا بكەن.

سیدۆ چەتو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەنجومەنەكانی ناوچە كوردییەكان كۆبوونەتەوەو داوایانكردووە ریفراندۆم لە ناوچەكانیان بكرێت، وەك لیستی برایەتیش داوامان لە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن‌و راپرسی كردووە داواكەیان قبوڵ بكات”.

بەبڕوای سیدۆ “خەڵكی ناو موسڵ پەیوەندییان بە ماددەی 140وە نیەو پێویست ناكات پرسەكە ببرێتە ئەنجومەن”، جەختیكردەوە ئەگەر ناوچەكانی دیكەش كە كوردی تێدانیە داوای بەشداری لە ریفراندۆم بكەن داواكارییەكەیان قبوڵ دەكرێت.

باشیك، شوباتی 2017، هەڵمەتێك بەناوی پەنجەی هیوا بۆ سڕینەوەی دروشمەكانی داعش لە ناحیەكە فۆتۆ: موهەنەد سنجاری

تائێستا ئەنجومەنەكانی قەزای شەنگال، مەخمور لەگەڵ ناحیەكانی باشیك، ئەلقوش‌و تلكێف بۆ ریفراندۆم بڕیاریانداوە.

گەلاوێژ عەلی، سەرۆكی فركسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت “بەهۆی ئەوەی كەمینەین لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، بۆیە ناتوانین وەك ئەوەی لە كەركوك كرا لە موسڵ پرۆسەكە بخەینە دەنگدانی ئەنجومەنەوە”.

سیشەممە 29-8 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەبێ بەشداری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان بڕیاریاندا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بڕیارەكە لەلایەن لیستی برایەتییەوە درا كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكانی كوردن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رونیكردەوە “بەرپرسە باڵاكانی سوننەش كە لە كوردستان نیشتەجێن دژی ریفراندۆمن جا چۆن خەڵكەكەی دژ نابن، تەنانەت مەسیحیەكانیش كە نوێنەرێكیان هەیە ناتوانێت پاڵپشتی ریفراندۆم بكات بەهۆی ئەوەی حەمدانیەو بەرتڵە لە ژێر دەسەڵاتی حشدی شەعبیەو هەندێك گوندی دیكەی شەبەك لەدەرەوەی ساتری هێزی پێشمەرگەیە‌و زەحمەتە بتوانین لەو ناوچانە ریفراندۆم بكەین”.

لیژنەی باڵای ریفراندۆم لە موسڵ، كە لە لێپرسراوانی یەكەمی لقی پارتی، مەڵبەندی یەكێتی، مەڵبەندی یەكگرتوو، كۆمیتەی یزبی شیوعی‌و مەڵبەندی سۆشیالیست پێكهاتوون، 30ی ئابی ئەمساڵ كۆبوونەتەوە‌و بڕیاری پێكهێنانی سێ لیژنەیان داوە.

شەنگال، 16-11-2015، سەربازێكی پێكهاتەی ئێزیدی لەناوەندی قەزاكە فۆتۆ: رۆیتەرز

نەسرەدین سورچی، لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی بە (كەركوك ناو)ی وت “لیژنە باڵاكە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری پێكهێنانی سێ لیژنەو دەستنیشانكردنی وتەبێژی لیژنەی دا”.

“رۆژێك پێش دەستپێكردنی هەڵمەتی راگەیاندن، لیژنە باڵاكە كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدات، بڕیارشدراوە بانگهێشتی نوێنەرانی حزبە مەسیحییەكان بكرێت بۆ زانینی هەڵوێستی ئەوان”.

سورچی جەختی لەوەشكردەوە “لەمەدا كەس دۆستمان نیە، عەرەبی موسڵیش دژی ریفراندۆمن”.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی رونیكردەوە “موسڵ وەك كەركوك شارێكی كوردستانی نیەو كورد لە ئەنجومەن زۆرینە نیە، ئەگەرچی لە كۆی 10 قەزای موسڵ هەشتیان دەكەونە ناوچەكانی ماددەی 140 كە هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان‌و خۆمان بڕیاری خۆمان دەیدەین”.

حكومەتی عیراقی كە دژایەتی سازدانی ریفراندۆم دەكات، زۆرێك لە “ناوچەی جێناكۆك” لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانیدایە، بەتایبەت لە پارێزگای دیالە‌و چەند ناوچەیەكی قەزای شەنگالیش لە‌ نەینەوا.

جگە لە موسڵ‌و كەركوك، هەموو ناوچە جێناكۆكەكانی سنوری پارێزگای دیالەش بڕیاریانداوە بەشداری لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و لە ئێستادا، ئامادەكاری دەكەن بۆ پرۆسەكە‌و كردنەوەی بنكەی دەنگدان بۆ 225 هەزار كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك” ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری