كەركوك پشت دەكاتە سینەما
هەموو هۆڵەكانی نمایشی فیلم كراون بە گەراج‌و بازاڕ

September 1, 2017 at 1:50 pm

کەرکوك، 14-8-2017، سینەما حەمرا لە شەقامی حەمرای شارەكە كراوەتە گەراجی ئۆتۆمبێل فۆتۆ: عەلی مەحمود

عەلی مەحمود
هیچ سینەمایەك لە شاری كەركوك نەماوە، هۆڵەكانی نمایشی فیلم كراونەتە گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل یان بازاڕی گەورە، ئەوەش بۆتە جێی نیگەرانی بەشێك لە هاوڵاتیان بە تایبەت هونەرمەندان.

لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو بە دواوە، كەركوك شاری نمایشی فیلمە نوێیەكانی جیهان بوو، حەوت سینەمای تێدا كرایەوە‌و تا چەند ساڵێك لەمەوبەر، بە تەواوی دەرگای هۆڵەكان داخران‌و خاوەنەكانیان روویان كردە كاری تر.

زانیار جومعە، شانۆكار‌و هونەرمەندێكی رەخنەگری كەركوكە، پێیوایە هۆكاری نەمانی سینەما نەبونی پاڵپشتی ئیدارەی شارەكەوە، لەكاتێكدا هۆڵەكانی شانۆش لەلایەن حزبەوە دەستی بەسەرداگیراوە وەكو ئەو دەڵێت.

“جاران سینەماكان ئەهلی بون‌و حكومەت پشتگیری دەكردن، بیرم دێ ئەو فلیمانەی گران بون‌و خەڵكی حەزی بە بینینیان دەكرد ئەوان بە بەلاش دەیاندا بەسینەماكان، هەم بۆ ئەوەی سینەماكان سودی لێ ببینن هەم بۆ ئەوەی خەڵكی بیبینێت”، زانیار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو دەڵێت هیچ كات حكومەت گرنگی نەداوە بە سینەما، نمونەی ئەوە دەهێنێتەوە سینەما سەڵاحەدین نیمچەحكومی بووە‌و گەر هەموو سینەماكان دابخرانایە، نەدەبوو ئەو سنەمایە كۆتایی بێت، پێشیوایە چارەسەر هاندانی دەوڵەمەندەكانە بۆ پاڵپشتی سنەما یان بەگەڕخستنی پرۆژەی بوژانەوەی سنەمایە لەلایەن حكومەتەوە.

سینەما سەڵاحەدین لە كەركوك لە شەقامی كۆماری كراوەتەوە مۆبیلیات، سنەما حەمرا كراوە بە گەراجی ئۆتۆمبێل، سنەما خەیام بەرامبەر قەڵا بووە بە پارك، سینەما عالەمێن لە تەنیشتی دادگا كراوە بە باڵەخانەی ئەوقاف، سینەمانی قەڵعە‌و ئەتڵەس‌و غازی-یش كراونەتە فرۆشگا‌و بازاڕ.

كەركوك، 14-8-2017، شوێنی سینەما سەڵاحەدین لەشەقامی كۆماری كراوەتە بازاڕ‌و دوكان فۆتۆ: عەلی مەحمود

هونەرمەند هەوار فارس، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەكانە‌و خەڵكی كەركوكە، نیگەرانە لەوەی لەكاتێكدا پێشتر لە شارەكەی سینەماو شانۆو هونەر لە ئاستێكی زۆر بەرزدابووە بەڵام ئێستا هۆڵی گونجاوی سینەماو تایبەت بە شانۆ نییە.

ئەو هونەرمەندە بە (كەركوك ناو)ی وت “بەردەوام گروپەكانی شانۆ كاتێك دەگاتە كاتی پێشكەشكردنی كارەكانیان دەبێ دەستی ئەم‌و ئەو ماچ بكەن تا هۆڵێكیان پێبدەن كە گونجاویش نین بۆ شانۆ”.

زیاد لە جارێك هونەرمەندان‌و ئارەزمەندانی بواری هونەری لە كەركوك، بە گردبوونەوە‌و رێگای جیاواز داوایانكردووە پاڵپشتی بكرێن، بەڵام دەرەنجامی هەوڵەكان دیارنین.

زاهیر شكور، نوسەرو بینەری سینەما لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “لەناوچونی سینەماكان لەو سەردەمەدا دەستیپێكرد كە گۆڕانكاری لەعیراقدا رویدا، لە هەشتاكانەوە ‌و سەردەمی شەڕی عیراق ئێران ئەو ناوەندانەی بەرەو لاوازی برد”.

هەروەها باسی لە بەرەوپێشچونی سینەما كرد لە جیهان‌و تەنانەت لە بەغداش، بەبێ‌ ئەوەی سنەماكانی كەركوك بتوانن لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بڕۆن، جگە لەوەی “خەڵكیش ئێستا ئەو حەزەی نەماوە‌و خوی داوەتە ئەنتەرنێت‌و فەیسبوك‌و سەیركردنی فیلم لەڕێی دیڤیدییەوە، هەرچەندە هیچیان جێگەی سینەما ناگرنەوە”.

بەهۆی بێئومێدبوون لە ئیدارەی شارەكە، هونەرمەندان چاویان لەوەیە كەسانی خاوەن سەرمایە لە رێی كەرتی تایبەتەوە هەوڵبدەن بۆ دروستكردن‌و كردنەوەی هۆڵی تایبەت بە سینەما‌و شانۆ.

كەركوك، 13-8-2017، شوێنی سینەما خەیام بەرامبەر قەڵای شارەكە كراوەتە باخچە فۆتۆ: عەلی مەحمود

نەژاد نەجم، ئەكتەر‌و لێپرسراوی گروپی شانۆی هەوار نیگەرانی زۆری لەبارەی نەبونی شوێن بۆ نمایشی شانۆ‌و پشتگوێخستنی ئەو بوارە هەبوو، لەبارەی سینەماشەوە بە (كەركوك ناو)ی وت “بەداخەوە شەش بۆ هەشت هۆڵی سینەما هەبوە لەم شارە‌و لەشارەكانی كوردستانەوە هاتون بۆ بینینی سینەما، بەڵام لەئێستادا نەماون”.

ئەو داوایكرد ئیدارەی شارەكە رۆڵی هونەر وەكو حەفتاو هەشتانی رابردوو بگەڕێننەوە، لەپاڵ هەوڵی خزمەتگوزاریدا هەوڵێكی تەواویش بدرێت بۆ پێشكەوتنی هونەر.

سینەما‌و شانۆ، رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاستی رۆشنبیری لە كەركوك‌و بینەری زۆریی هەبووە.

شوان داودی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت “مێژوی سینەما لە كەركوك مێژویەكی جوانی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئێستا یەك تاقە هۆڵی سینەمای لێنییە، بۆیە پێشنیاری ئەوەمانكردوە لەڕێگەی ئەو وەبەرهێنەرانەی پڕۆژەی گەورەو مۆڵ دروستدەكەن بكرێتە مەرج لەپرۆژەكانیاندا سینەما هەبێت”.

هۆكاری تێكدانی سینەماكان لە كەركوك، بەبڕوای داودی پەیوەندی هەیە بە گۆڕانكارییەكانی شارەكەوە‌و خاوەنی سینەماكان بەدوای ئەوەدا گەڕاون لەڕێگەی ئەو هۆڵانەوە داهاتێك بەدەستبهێنن.

ئەو پەرلەمانتارەی نوێنەری كەركوك پێیوایە چارەسەر ئەوەیە، حكومەت فەلسەفەی هەبێت بۆ بوژانەوە سینەما، ئەوەش لەرێی بەرنامەی تۆكمەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری