قەزای حەویجە؛ دواپێگەی داعش لە ناوچەی جێناكۆك

September 5, 2017 at 6:53 pm

كه‌ركوك/نیسانی 2014/ خۆپیشانده‌رانی حه‌ویجه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدارێتی عیراق له‌ گۆڕه‌پانی مانگرتن یاریی باله‌ ده‌كه‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

حەویجە، 55کم باشوری خۆرئاوای کەرکوک، گەورەترین قەزای عیراقە کە تائێستا لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدایە، لەوکاتەوەی لە ناوەڕاستی 2014دا کەوتەدەست ئەو رێکخراوە چەکدارییە. قەزاکە بە تەواوی ناحییەکانیەوە، لەسەدا 32ی پارێزگای کەرکوک پێکدەهێنێت.

لە ساڵی 1961دا، بە فەرمانێکی کۆماریی حەویجە کرایە قەزا، دانیشتوانەکەی عەرەبی سونەن، لەگەڵ کەمینەیەکی کورد. هۆز و عەشیرەتەکانی عوبێد، جبور، شەمەر، نعێمی، دلێمی و حەدیدی پێکهێنەری سەرەکی دانیشتووانەکەین، کە بەپێی ئاماری 2014 زیاتر لە 320 هەزار که‌س تیایدا نیشتەجێن.

حەویجە ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە، دووەم گەورەترین قەزای عیراقه‌ له‌ بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەدا.

گەنم، جۆ و گەنمەشامی گرنگترین ئەو دانەوێڵانەن لە قەزاکە بەرهەمدەهێنرێن، ساڵانە بەر لەوەی بکەوێتە دەست داعش یەکەم یان دووەم ناوچەی عیراق بووە لە بەرهەمهێنانی لوکەدا.

زۆرینەی دانیشتووانی حەویجە بژێوییان لەسەر کشتوکاڵە، روباری زابی بچووک بە سنووری قەزاکەدا تێپەڕدەبێت، ئەمش خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ گونجاو کردووە. ئاژەڵدارییش بەشێکی گرنگی بژێوی ژیانی خەڵکەکەیەتی.

كه‌ركوك/ئابی 2017/ سه‌وزه‌فرۆشێك له‌ نێو بازاڕی كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

حەویجە وەک قەزایەکی پارێزگای کەرکوک بەردەوام جێی ناکۆکی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بووە، بەتایبەت عەرەب و کورد، یەکێکە لە “ناوچەکانی جێناکۆک” بەپێی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراق.

هەرێمی کوردستانی عیراق خۆی بە خاوەنی تەواوی پارێزگای کەرکوک دەزانێت، بەهۆیەوە ناکۆکییەکانی لەسەر ئەو پارێزگایە لەگەڵ حکومەتی عیراق بەردەوامە.

لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە دەسەڵاتدارێتی عیراق لە ساڵی 2003 کە سەدام حسێن، سەرۆکی پێشوتری عیراق سەرۆکایەتی دەکرد، بەشێک لە خۆرئاواو باشوری کەرکوک لەوانەش قەزای حەویجە بونە شوێنی چالاکی گروپە چەکدارییە جیاوازەکان، لەوانە گروپی نەقشبەندییو شانە نوستووەکانی قاعیدە، هەندێکجار لەڕێی تەقینەوەو هێرشی جۆراوجۆرەوە هێزە ئەمنیەکانی عیراقو خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج.

حزب و چالاکوانە سیاسییەکانی حەویجە لەسەرەتای 2013دا، داوای بەپارێزگاکردنی قەزاکەیان کرد، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە رەتکرایەوە.

خەڵکی حەویجە لە بەهاری 2013دا، خۆپیشاندانێکی گەورەی چەند هەفتەییان سازکرد دژ بە سیاسەتەکانی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عیراق‌و “پشتگوێخستن”یان، هەروەها داوای ئازادکردنی ئەو سەدان گیراوەیان دەکرد کە بەتۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە گیرابوون.

بەڵام لە بەرەبەیانی رۆژی 23ی مانگی نیسانی 2013دا، هێزێکی سوپای عیراق لە بەغداوە هەڵیانکوتایەسەر گۆڕەپانی مانگرتنی خۆپیشاندەرانی حەویجەو بەهۆیەوە زیاتر لە 50 کەس کوژران‌و 110 کەسیش برینداربون.

لە ناوەڕاستی 2014دا، قەزای حەویجەو تەواوی ناحییەکانی کەوتنە دەست چەکدارانی داعشو تائێستا کۆنترۆڵنەکراونەتەوە.

بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە، 35 هەزار خێزانی حەویجە ئاوارەی کەرکوک بوون، بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی کەرکوک، هەروەها خەڵکی حەویجە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەو رێکخراوەوە روبەڕوی کوشتنو راوەدونان بوونەوەو تائێستاش بەردەوامی هەیە.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی حەویجە، چەندینجار لەلایەن بەرپرسانی ئیداری‌و حزبی کەرکوک‌و هۆزە عەرەبەکانی شارەکەوە داواکراوە، بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ حکومەتی عیراقی شەڕی قەزای تەلەعفەری پێشخست.

كەركوك، 23-3-2017، گەیشتنی دەیان هاوڵاتی لە حەویجە بۆ مەكتەب خالید فۆتۆ: كەركوك ناو

لە 31-8ی ئەمساڵ وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو پرۆسەیە فڕۆکە جەنگییەکانی عیراق، چەندین ملیۆن بڵاوکراوەیان لە ئاسمانی حەویجەوە  بۆ خەڵکی ناوچەکە فڕێداوەتە خوارەوە‌و تێیدا مژدەی شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان پێداون، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی “واهاتین ئەی حەویجە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری