ئەمریكا دژی ریفراندۆمە لە كەركوك

September 11, 2017 at 8:54 pm

كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەر قەڵا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە شاری كەركوك نیشاندەدات‌و لە ئەگەری بەرێوەچوونی پرۆسەكەشدا، ئامادەنیە دان بە ئەنجامەكانیدا بنێت.

ئەو هەڵوێستە، ئەمڕۆ دووشەممە 11-9 لە كۆبوونەوەیەكی دۆگلاس سیلیمان باڵیۆز‌و كێن گرۆس كونسوڵگەری ئەمریكا لە عیراق‌و هەولێر هات لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی چەند پرسێكی تایبەت بە ناوچەكە لە نێویاندا ریفراندۆم، ئەوەش بەپێی میدیای گۆڕان.

میدیای گۆڕان لە زاری باڵیۆزی‌ ئەمەریكا لە عیراق بڵاویكردەوە “ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ئەو ریفراندۆمەدا نیە لەم كاتەدا‌و داوادەكات بۆ كاتێكی‌ گونجاوتر دوابخرێت”، ئەو لێپرسراوە ئەمریكییە جەختی لەوەشكردۆتەوە “واشنتن دان بەئەنجامی‌ ئەو ریفراندۆمەدا نانێت ئەگەر بكرێت”.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك” ریفراندۆم بكرێت.

بەپێی میدیای گۆڕان باڵیۆزی‌ ئەمەریكا لە عیراق ئەوەشی راگەیاندووە “ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم لە كەركوك بە هەمو شێوەیەك رەتدەكەنەوە،‌ چونكە دەبێتە هۆی‌ ئاڵۆزی‌ زیاتر”.

29-8 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەبێ بەشداری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان بڕیاریاندا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بڕیارەكە لەلایەن لیستی برایەتییەوە درا كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكانی كوردن.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری