پێكهاتەی عەرەب پەیام بۆ بارزانی‌و عەبادی دەنێرن
دژی ریفراندۆمن لەكەركوك‌و مافی چارەنوسیشیان بۆ كورد دەوێت

September 11, 2017 at 10:30 pm

كەركوك، 11-9-2017، عەرەب لە بەیاننامەیەكدا داوایانكرد شارەكە لەریفراندۆم بەشدارنەبێت فۆتۆ: عومەر جەواد

عومەر جەواد
كەسایەتی‌و سەركردەی هۆزەكانی پێكهاتەی عەرەب، پشتگیری خۆیان بۆ كورد نیشاندەدەن لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی بەڵام لەگەڵ ئەوەدانین كەركوك بەشداری لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا بكات، بۆیە دوو پەیام ئاراستەی بارزانی‌و عەبادی دەكەن.

ئەو هەڵوێستەی عەرەب لە كەركوك، ئەمڕۆ دووشەممە 11-9 لەچوارچێوەی بەیاننامەیەكدا بوو دوابەدوای كۆبوونەوەی كەسایەتیەكانی ئەو پێكهاتەیە دەربارەی چەند پرسێكی تایبەت بە سنورەكە، ئەوەش لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا هات كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو.

شێخ ئیسماعیل حەدیدی، بەیاننامەكەی ئەو پێكهاتەی خوێندەوە‌و تێیدا داوا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەت‌و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكەن وەكو داوایەكی برایانە، كەركوك بەشدارنەبێت لە ریفراندۆمدا.

داواكارییەكە وەكو بەرپرسارتێییان لێكدەدەنەوە لە پێناو پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە كەركوك، وەكو رێزێك بۆ ئیرادە‌و بۆچوونی هەموو پێكهاتەكان.

29-8 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەبێ بەشداری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان بڕیاریاندا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بڕیارەكە لەلایەن لیستی برایەتییەوە درا كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكانی كوردن.

وەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە “وەكو عەرەبی كەركوك لەگەڵ مافی گەلی كوردداین بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی”.

پێكهاتەی عەرەب لەو پەیامەیاندا داوا لە لێپرسراوانی كورد‌و مەسعود بارزانی دەكەن كار بكرێت لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بۆ تاوتوێكردنی داهاتوی پارێزگاكە، بە ئامانجی چارەسەری كێشەكان بە ئاشتی‌و هێشتنەوەی شارەكە بە ئارامی‌و سەقامگیری.

هەروەها پەیامێكیش ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكەن‌و بە پێویستی دەزانن هەڵمەتی پاككردنەوەی حەویجە لە داعش‌و رزگاركردنی هاوڵاتیانی ناوچەكە لە برسێتی‌و هەڕەشەی مەرگی تیرۆر دەستپێبكەن.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك” ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری