بارزانی: نیەتی شەڕكردنمان نییە
“پێویستە كەركوك وەكو نمونەی پێكەوەژیان بمێنێتەوە”

September 12, 2017 at 6:18 pm

كەركوك، 12-9-2017، سەردانی مەسعود بارزانی بۆ شارەكە‌و كۆبوونەوەی دەربارەی ریفراندۆم فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك

كەركوك ناو
مەسعود بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ كەركوك، بە پێویستی زانی كەركوك وەكو شاری پێكەوەژیان بمێنێتەوە‌و كەس هەوڵی تێكدانی یەكڕیزی پێكهاتەكان نەدات، جەختی لەوەشكردەوە ئەوان نیەتی شەڕكردنیان نییە بەڵام مافی بەرگریكردنیان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 12-9 مەسعود بارزانی، بەسەردانێك گەیشتە شاری كەركوك‌و لە گەڕەكی عەرەفە بە ئامادەبونی پارێزگار‌و بەرپرسانی حزبی‌و حكومی، وتارێكی بۆ بەشێك لە نوێنەری پێكهاتەكان پێشكەشكرد دەربارەی بڕیاری ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك.

لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ پێكهاتەكان كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی رۆماڵكردنی بوو، بارزانی ئاماژەی بەوەدا سەردانەكەی بۆ ئەوەیە گوێ لە تێبینیەكان بگرێـت دەربارەی ریفراندۆم‌و رونیكردەوە، ئەو بڕیارە تەنیا لەلایەن یەك گەلەوە نەدراوە بەڵكو بڕیاری هەموو نەتەوە‌و ئاینەكان لە هەرێم.

هەروەها باسی لەوەكرد ئەو رێز لە بۆچونە دژەكان دەگرێت لەگەڵ ریفراندۆم بەڵام دەیانەوێت رێز لە زۆرینە بگرن‌و جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە كەركوك وەكو نمونەی پێكەوەژیان بمێنێتەوە‌و رێگەنەرێت بە هیچ كەسێك هەوڵی تێكدانی ئارامی‌و یەكگرتوویی دانیشتوان‌و پێكهاتەكانی بدات.

مەسعود بارزانی ئەوەی خستەڕوو هیچ كەسێك چارەنوسی كەركوك دیاریناكات دانیشتوانەكەی نەبێت، لە هیچ لایەكیشی قبوڵناكەن رێگە لەخەڵك بگرێت بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆی، بۆیە پێویستە رێز لەو بڕیارە بگیرێت‌و دواتر دەرگای گفتوگۆ بكرێتەوە.

كەركوك، ئەیلولی 2017، هەڵواسینی دروشمەكانی بانگەشەی بەڵێ‌ بۆ ریفراندۆم فۆتۆ: سۆران محەمەد

29-8 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەبێ بەشداری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان بڕیاریاندا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بڕیارەكە لەلایەن لیستی برایەتییەوە درا كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكانی كوردن.

بارزانی باسی لە ماددەی 140ی دەستوری عیراق كرد‌و پێیوایە ئەگەر جێبەجێبكرایە كێشەكان چارەسەر دەبون، جەختیكردەوە “نیەتی شەڕكردنمان نییە،‌ بەڵام مافی بەرگریكردنمان هەیە”.

سەردانەكەی بارزانی بۆ كەركوك هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و “ناوچەكانی جیناكۆك”، كە بڕیارە تا 22ی مانگ بخایەنێت.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە 12-9 پەرلەمانی عیراق، لە دانیشتنێكدا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و “ناوچەكانی جێناكۆك”.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك” ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری