عەبادی بۆ سەركردایەتی كورد: وەرنە بەغدا بۆ گفتوگۆ
ئــەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری ریفراندۆم رەتدەكاتەوە

September 12, 2017 at 8:42 pm

بەغدا، 12-9-2017، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی عەبادی فۆتۆ: نوسینگەی سەرۆكوەزیران

كەركوك ناو
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كرد بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك”، داواشی لە سەركردایەتی كورد كرد بۆ گفتوگۆی كێشەكان بچنە بەغدا.

وتەكانی عەبادی، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا هات ئەمڕۆ سێشەممە 12-9، دوابەدوای كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

سەرۆكوەزیرانی عیراق، ئاماژەی بەوەدا حكومەتی ناوەندی لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و بە هەنگاوێكی نایاسایی ناویبردووە.

عەبادی جارێكیتر جەختیكردەوە لەوەی ریفراندۆم بۆ زیان بۆ كورد دەشكێتەوە‌و داوای لەسەركردایەتی كورد كرد، بۆ گفتوگۆ‌و دانوستانی چارەسەری كێشەكان شاند بنێرنەوە بەغدا.

هەروەها رونیكردەوە كە ئەوان سەپاندنی ئەمری واقیع‌و تاكلایەنە رەتدەكەنەوە، هەناردە‌و مامەڵەی هەرێمی كوردستانیشی بە نەوتی كەركوكەوە بە نایاسایی‌و نادەستوری وەسفكرد.

هەڵوێستەكانی عەبادی، هاوكات بوو لەگەڵ بڕیارێكی پەرلەمانی عیراق بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە دانیشتنێكدا ئەمڕۆ سێشەممە 12-9.

هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، بە سەردانێك گەیشتە كەركوك‌و جەختیكردەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا، ئاماژەی بەوەشدا ئەوان نیەتی شەڕكردنیان نییە بەڵام مافی بەرگریكردنیان هەیە.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك” ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری