پڕۆفایل: مەندەلی پریشکی ریفراندۆمی بەردەکەوێت

September 13, 2017 at 10:51 am

ناحیەى مەندەلی لە پارێزگای دیالە یەکەم پریشکی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ریفراندۆمی بەرکەوت

کەرکوک ناو
یەکەم پریشکی ناکۆکی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ریفراندۆم بەر ناحییەى مەندەلی کەوت. مەندەلی یەکێک لە “ناوچەکانی جێناکۆک”ی پارێزگای دیالەیە بەدوور 93کم لە بەعقوبەی سەنتەری پارێزگاکەوە.
دانیشتووانەکەى لە عەرەب، کوردو تورکمان پێکدێن، مەندەلی ساڵی 1947دا کرایە قەزا، بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عیراق دادەنرێت، ئەوکات کە ژمارەى دانیشتووانەکەى 52 هەزار کەس بوو. هەروەها لە سەردەمی والی عوسمانی مەدحەت پاشادا قەزا بووە.
ساڵی 1987 حکومەتی عیراق کە رژێمی پێشووی عیراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن سەرۆکایەتی دەکرد، مەندەلی لە قەزاوە کردەوە ناحییە.
ناحیەکە چەند کیلۆمەترێکی کەم لە سنووری ئێرانەوە دوورە، هەروەها بە دووری 93کم دەکەوێتە خۆرهەڵاتی بەعقوبەی مەڵبەندی پارێزگای دیالەوە، شارۆچکەکانی بەدرەو جەسان لە باشوورەوە سەر بە مەندەلی-ن.
قەڵای جەمیل بەگ، بۆ یاقی، قەڵەم حاج، بازاڕی بچووک و بازاڕی گەورە لە گرنگترین گەڕەکەکانی ناحییەکەن، عەرەب، کوردو تورکمان زۆرینەى دانیشتووانەکەى پێکدەهێنن، لەهەردوو مەزهەبی شیعی و سونی.
جیجکان. کۆکتییە، گردی تەمرخان و دۆچکای لە شوێنە مێژووییەکانی ناحیەى مەندەلین، کشتوکاڵ و باخداریی سەرچاوەى داهاتی زۆرینەى خەڵکەکەیەتی.
مەندەلی بەردەوام جێی ناکۆکی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بووە، بەتایبەت عەرەب و کورد، یەکێکە لە “ناوچەکانی جێناکۆک” و خاوەندارێتی بەپێی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراق یەکلاییدەکرێتەوە.

هەرێمی کوردستانی عیراق خۆی بە خاوەنی ناحییەکە دەزانێت، بەهۆیەوە ناکۆکییەکانی لەسەر ئەو پارێزگایە لەگەڵ حکومەتی عیراق بەردەوامە. “لە مەندەلی و بەدرەو جەسانەوە تا زاخۆ” یەکێکە لە دروشمەکانی سەرکردایەتی کورد لە زۆرینەى شۆڕشەکاندا.
رژێمی بەعس لە ساڵانی حوکمڕانیدا (1968 – 2003)، سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێی بەرامبەر هەردوو پێکهاتەى کوردو تورکمان جێبەجێکرد.
سەرکردایەتی کورد لە ساڵی 2003وە کاتێک کەلێنی حوکمڕانی لە عیراق دروستبوو، بەرپرسیارێتی ناحییەکەى گرتەئەستۆ، دوو گرنگترین پۆستی بەڕێوەبەری ناحییەو سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ناحییه‌که‌ بەدەست کوردەوە بوون.
مەندەلی پێچەوانەى زۆرێک لە ناحییەکانی پارێزگای دیالە پریشکی شەڕی داعشی بەرنەکەوت.
پێکهاتە جیاوازەکانی مەندەلی پێکەوەدەژین، شارێکی ئارام بوو تا ئەوکاتەى ئەنجومەنی ناحییەکە کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردن بڕیاریاندا ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان ناوچەکانیان بگرێتەوە.
ئەم هەفتەیە، مەندەلی بە یەکێک لە رۆژە نائارامەکانیدا تێپەڕی لەوەتەى رژێمی بەعس لە ساڵی 2003وە رووخاوە. هێزێکی چەکداری حەشدی شەعبی چوونە سەر ناحییەکەو ئەندامانی ئەنجومەنی ناحییەکەیان ناچارکرد پەشیمانببنەوە لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەردوو بەڕێوەبەری ناحییەو شارەوانیان لەکارلابرد.

هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول تەواوی “ناوچەکانی جێناکۆک”یش بگرێتەوە، ئەوەش ناڕەزایی توندی حکومەت و هێزە عیراقییەکانی بەدواداهات و ئایندەى پرۆسەکەش پێناچێت باش بێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری