پارێزگاری كەركوك: بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆم زاڵكردنی رای زۆرینەیە بەسەر كەمینەدا

September 13, 2017 at 3:42 pm

كەركوك، 13-9-2017، كۆبونەوەی لیژنەی ئەمنی بەسەرپەرشتی نەجمەدین كەریم فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەركوك ناو
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆم بە زاڵكردنی رای زۆرینە دەزانێت بەسەر كەمینەدا‌و جەخت لەوەشدەكاتەوە، ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت‌و كەس ناچار ناكرێت بە زۆر دەنگ بدات.

پەرلەمانی عیراق، دوێنێ‌ سێشەممە 12-9 لە دانیشتنێكی ئاساییدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك”، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی نوێنەرانی كورد.

پارێزگاری كەركوك لە بارەی بڕیارەكەوە دەڵێت “ئەم جۆرە بیركردنەوەیە‌و زاڵكردنی ڕای زۆرینە بەسەر كەمینەدا بوە مایەی ئەوەی كورد بڕیاری ریفراندۆم بدات بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆی”، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگار دوای كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی كە ئەمڕۆ چوارشەممە 13-9 بەرێوەچوو.

هەروەها نەجمەدین كەریم ئاماژەی بەوەداوە “پابەند نەبوون بەدەستور‌و ماددەی 140‌و دادگای فیدڕاڵی‌و ئەنجومەنی فیدڕاڵی‌و نەبوونی شەراكەتی ڕاستەقینە، ئەم دۆخەی ئێستای هێناوەتە كایەوە، هەر بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لەئەنجامدانی ریفراندۆم‌و كەس ناچار ناكرێت بە زۆر دەنگ بدات”.

29-8 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەبێ بەشداری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان بڕیاریاندا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بڕیارەكە لەلایەن لیستی برایەتییەوە درا كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامەكانی كوردن.

كەركوك، 12-9-2017، سەردانی مەسعود بارزانی بۆ شارەكە‌و كۆبوونەوەی دەربارەی ریفراندۆم فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك

لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار‌و حكومەتی ناوەندی عیراق كراوە هەموو رێوشوێنێك بگرێتەبەر بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆم‌و پاراستنی یەكپارچەیی عیراق، هەردوو حكومەتی بەغدا‌و هەولێریش دەبێت گفتوگۆی جددی بۆ چارەسەری كێشەكان ئەنجامبدەن.

دوابەدوای بڕیارەكەی پەرلەمان هەر دوێنێ‌ سێشەممە 12-9، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و سەپاندنی بڕیاری تاكلایەنەی رەتكردەوە.

هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی بەغدا هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی مەسعود بارزانی بۆ شاری كەركوك، تێیدا لەگەڵ نوێنەری لایەن‌و پێكهاتەكان كۆبۆوە‌و جەختیكردەوە، ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.

زیادبونی مشتومڕەكان لەكاتێكدایە، هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و “ناوچەكانی جیناكۆك” دەستیپێكردووە‌و بڕیارە تا 22ی مانگ بخایەنێت.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی “جێناكۆك” ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری