لە سێ‌ ساڵدا‌و بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش
حكومەتی هەرێم 348 كەسی لە كەركوك دەستگیركردووە

September 13, 2017 at 5:46 pm

كەمپی خازر، 13-12-2016، هاوڵاتیانی هەڵاتووی شاری موسڵ لە كەمپی خازر فۆتۆ: رۆیتەرز

كەركوك ناو
دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ‌ ساڵی رابردوودا 348 كەسیان لە شاری كەركوك دەستگیركردووە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە، تائێستاش دۆسیەی بەشێكی زۆریان لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

دیندار زێباری، سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد لە سێ ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار‌و 652 كەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، كەركوك‌و دهۆك دەستگیركراون، ئەوەش بەپێی میدیای پارتی.

لەو ژمارەیە تائێستا ١١١٠ كەسیان سزای سێ ساڵ تا زیندانیی تاهەتایییان بۆ دەركراوە، ٨٧٠ كەسیان بێتاوان دەرچوون‌و ٦٧٢ كەسیش تائێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

زێباری رونیكردەوە لە نێو تۆمەتبارەكاندا 348 كەسیان لە شاری كەركوك دەستگیركراون كە ٣٥یان سزا دراون‌و ١٧٦ كەسیان ئازاد كراون، تائێستاش ١٣٧ كەسیان لەژێر لێكۆڵینەوەدا ماونەتەوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە لە شاری هەولێر 675 كەس، لە سلێمانی 35 كەس‌و لە دهۆكیش 1594 كەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیركراون.

بە وتەی زێباری “پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستییەوە دەستگیركراون، لە دادگاكانی لێكۆڵینەوە‌و تاوان لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەدەچێت”.

تۆمەتبارەكان بەپێی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر‌و سزادانی عیراقی دادگایی دەكرێت، لە دۆسیەكانیاندا تایبەتمەندیی شوێنی رووداو پەیڕەو ناكرێت.

سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە رێگە بە گومانلێكراوانی داعش نەدرێت پارێزەر بۆ خۆیان بگرن، جەختیكردەوە “هەموو گومانلێكراوان لەبەردەم دادگادا یەكسانن‌و هەمووان وەك یەك،.. ئەوانیش مافی گرتنی پارێزەر و بینینی ئەندامانی بنەماڵەكەیان هەیە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە رێكخراوە مرۆییەكان، لەمساڵدا چەندین راپۆرتیان دەربارەی دۆخی دەستگیركراوانیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش بڵاویكردەوە‌و تێیدا، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عیراقیان بە پێشێلكردنی مافی دەستبەسەركراوان تۆمەتباركرد.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری