ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم راگەیەندراوێك دەربارەی بانگەشە بڵاودەكاتەوە

September 13, 2017 at 8:21 pm

كەركوك، 5-9-2017، دانانی دروشمەكانی بانگەشەی ریفراندۆم لەبەردەم بارەگایەكی پارتی فۆتۆ: سۆران محەمەد

كەركوك ناو
ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، داوا دەكات لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی ئەو پرۆسەیەدا دوربكەونە لەبەكارهێنانی هێماو ئاڵاو رەمزی هەر لایەنێك، هەوڵی تەواو بدەن بۆ پاراستنی ئارامی شار‌و شارۆچكەكان.

لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 13-9 سكرتارییەتی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، لە حەوت خاڵدا ئاماژەی بە چەند رێوشوێن‌و رێنماییەك كردووە، بە ئامانجی بەرێوەبردنی هەڵمەتی بانگەشە كە بڕیارە تا 22ی ئەم مانگە بەردەوامبێت.

“دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی هێماو ئاڵاو رەمزی هەر لایەنێك یان وڵاتێك جگە لەئاڵای كوردستان”، هەر لەو راگەیەندراوەدا هاتووە “دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی ناو و وێنەی سیمبۆل و سەركردەكان وەكو پروپاگندە یان بانگەشەی ریفراندۆم”.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم داواشیكردووە دوربكەونەوە لە بێڕێزیكردن یان هێرشكردنە سەر سەركردەو ئاڵاو سیمبولی هەر لایەنێك یان وڵاتێك، بە پێویستی زانیووە ئارامی شارو شارۆچكەكان‌و موڵكی گشتی بپارێزن.

هەروەها جەختیكردۆتەوە لەسەر ئازادیی رادەربڕین‌و رێگەدان بەئەنجامدانی چالاكی و هەڵمەت و بانگەشەی ریفراندۆم بە ئازادی و بەشێوەیەكی شارستانی‌و ئاشتیانەو بەپێی یاساو رێنماییە كارپێكراوەكان.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری