یەكێتی: كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

September 13, 2017 at 8:35 pm

هەولێر، 7-10-2015، دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان پێش پەكخستنی فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

كەركوك ناو
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، كاراكردنەوە‌و دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دواخراوە بۆ هەینی 15-9، ئەوەش بەهۆی رێكارە یاساییەكانەوە.

بڕیاربوو پێنجشەممە 14-9 پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە، ئەوەش بەپێی بڕیاری لایەنەكان لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، كە پاڵپشت بوو بە رێككەوتنی یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان.

بێگەر تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە “دەستپێكردنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان سەعات 7ی ئێوارەی رۆژی هەینی 15/9/2017 بەڕێوەدەچێت”.

“دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆژی هەینی بەهۆی رێكارە یاساییەكانەوە دەبێت و پێویستە پێش 48 سەعات لەدانیشتنی پەرلەمان ئەندامانی پەرلەمان ئاگادار بكرێنەوە”، بێگەر تاڵەبانی دەڵێت لە دانیشتنەكەدا فراكسیۆنەكەیان بەشداری دەكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ‌ سێشەممە 12-9، كۆبوونەوەی سێقۆڵی یەكێتی، پارتی‌و گۆڕان لە هەولێر بەرێوەچوو دەربارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان، بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی دیكەدا بەر لەوادەی كاراكردنەوەی پەرلەكان دوایین بڕیار بدەن.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە كۆبوونەوەیەكدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی بڕیاریدا بە كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەوەش دوای كۆبونەوە‌و رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لە هەمان رۆژدا.

پەرلەمانی كوردستان، لە مانگی 10ی ساڵی 2015وە بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە دانیشتنەكانی راگیراوە، دوای ئەوەی پارتی رێگریكرد لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر لە پشكی گۆڕان.

چاوەڕواندەكرێت یەكەم كاری پەرلەمانی كوردستان دوای كاراكردنەوەی، تاوتوێی‌و گفتوگۆی پرسی ریفراندۆم بێت.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری