داوای دەستتێوەردانی بەغدا‌و حەشدی شەعبی دەكەن
حزبە توركمانیەكان دەربارەی بارگرژیەكانی كەركوك دێنە دەنگ

September 19, 2017 at 6:32 pm

كەركوك، 19-9-2017، كۆنگرەی رۆژنامەوانی حزبە توركمانیەكان دەربارەی بارگرژییەكان‌و ریفراندۆم فۆتۆ: محەمەد عەبدولخالق

كەركوك ناو
حزبە توركمانییەكان لە كەركوك، پێیانوایە ئەو بارگرژییانەی لە شارەكە سەریهەڵداوە بەهۆی پرۆسەی ریفراندۆمەوەیە، بۆیە داوا لە حكومەتی ناوەندی بەغدا‌و هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكەن هاوكاربن لە پاراستنی پێكەوەژیان‌و گیانی هاوڵاتیان.

ئەو هەڵوێستە حزبە توركمانییەكان دوای ئەوەهات، كاتژمێر 10:30 خولەكی شەوی رابردوو تەقە كەوتە نێوان ژمارەیەك چەكدارو پاسەوانانی بارەگایەكی بەرەی توركمانی لە كەركوك، بەهۆیەوە كەسێك كوژرا‌و سێ كەسی تریش بریندار بوون.

هەشت حزب‌و پارتی توركمانی كەركوك لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ سێشەممە 19-9، جارێكیتر هۆشداری دەدەن لەوەی ریفراندۆم هۆكارێكە بۆ دروستبونی فیتنە‌و ئاژاوە لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك‌و پێیانوایە ئەو رووداوەی شەوی رابردووش، دەرەنجامی ئەو پرۆسەیەیە.

هەروەها داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەكەن بێلایەنانە ئەركی خۆیان‌و یاسا جێبەجێبكەن، بە پێویستیشی دەزانن حكومەتی ناوەندی دەستتوەردان بكات بۆ سەقامگیری‌و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە شارەكە.

بەشێكی لە داواكاری ئەو حزبانە بۆ حەشدی شەعبی توركمانییە، تا ئەركی پاراستنی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرن‌و وەكو لە بەیاننامەكەیاندا هاتووە “دەبێت حزبە كوردییەكانیش رێز لە را‌و بۆچوونی گەلی توركمانی بگرن لە رەتكردنەوەی ریفراندۆم”.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی عەرەبیش لە كەركوك، داوای لە گەلی كوردو سەركردایەتییەكەی كرد ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت، لەپێناو دورخستنەوەی كەركوك لەململانێی سیاسی نێوان پێكهاتەكان.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە دوایین كۆبوونەوەیدا 17-9 بڕیاریدا بە بەردەوامی پرۆسەی ریفراندۆم بەوپێیەی گرەنتی نییە لەو بەدیلانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشكەشكراون.

7-6ی ئەمساڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ سكرتێر‌و نوێنەری پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە خاوەنی 30 كورسیی پەرلەمانین كۆبووەوە، بڕیاریاندا 25ی ئەیلولی 2017 لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ریفراندۆم بكرێت.

تەواوی پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە موسڵ، هەروەها لە سنوری پارێزگاكانی دیالە‌و سەڵاحەدینیش چەندین ناوچەی جێناكۆك هەیە‌و هێشتا بەغدا‌و هەولێر، لەسەر ئیدارەدانیان رێكنەكەوتوون.

هەریەكە لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا، توركیا، ئێران، عیراقیش رەتیانكردەوە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكەن‌و پاڵپشتی خۆیان بۆ عیراقی یەكگرتوو دوپاتكردەوە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن