چیرۆكی سه‌ركه‌وتن
هەر پێشێلکارییت بینی، پەیوەندی بە جوانەوە بکە‌

October 11, 2017 at 11:25 am

جوان حه‌سه‌ن زه‌نگه‌نه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك

عه‌لی مه‌حمود

پارێزگاكە بەفرە ڕەنگیی و چەقی ململانێکانی عیراق ناسراوە، تا هه‌فته‌كانی رابردوو نزيكه‌ى 32% خاكه‌كه‌ی به‌ده‌ست چه‌كدارانی داعشه‌وه بوو و لەئەنجامی ئەوەشدا 600 هه‌زار ئاواره‌ روویان کردۆتە ناوچە ئارامەکانی كه‌ركوك، لە ژینگەیەکی وادا، ژنێک چاودێری زۆرینه‌ی ئه‌و پێشێلکارییانه‌ ده‌کات که‌ بەرامبەر هاوڵاتیان دەکرێن و ده‌یه‌یه‌که‌ لە شاره‌كه‌ به‌دوای ئەو ئامانجەیدا وێڵە.

جوان حه‌سه‌ن زه‌نگه‌نه‌، که‌ سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ و كاروبارى ژنان و منداڵان ده‌کات له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، ئامانجه‌که‌ی روونه‌ کە ئەویش بڵاوکردنەوەو خستنەڕووی چارەسەرە بۆ پێشیلکارییه‌کان، به‌تایبه‌ت ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئافرەتان و منداڵان ده‌کرێن.

ئه‌و خانمە له‌ ساڵی 2008دا کاره‌کانی ده‌ستپێکرد، کاتێک ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک لیژنه‌یه‌کی کاتی بۆ چاودێریکردنی مافه‌کانی مرۆڤ پێکهێنا، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2010وە به ‌هه‌وڵی جوان حه‌سه‌ن زه‌نگه‌نه و چه‌ند ئه‌ندامێکی تر لیژنه‌که‌ بوو به‌ هه‌میشه‌یی.

جوان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “ئەم لیژنەیە نزیکه‌ی ده‌یه‌یه‌که‌ کاردەکات، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌رده‌وامبین و چاودێریی پێشێلکارییه‌کان و کار له‌سه‌ر ژ، منداڵ و مافه‌کانی مرۆڤ بکه‌ین. پێشێلکاریی بەردەوامە، بۆیە پێویستە لیژنەیەکی بەردەوام یان کۆمەڵەیەک هەبێت بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان”.

زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت، یان پێشێلکاریی ده‌بینن له‌ که‌رکوک په‌یوه‌ندی به‌ جوان-ه‌وه‌ ده‌که‌ن، “هەندێکجار کەس نییە وه‌ڵامی پرسیارەکان بداتەوە، بەڵام ئەرکی منە هەرکاتێک خەڵک پێویستی پێمان بێت و په‌یوه‌ندی کردبێت هاوکاریمان کردوون و زانیاریمان پێداون، هەرشتێکمان زانیبێت نەمان شاردۆتەوە و زانیاری تەواومان پێداون، بۆیە ئەمە ئەرکی خۆمەو پێموانییە هیچ قورساییەک بێت لەسەرم… هيچ منه‌تێكیش ناكه‌مه خاوه‌نى هيچ كه‌يسێك چونكه ئه‌ركى خۆمه”.

كه‌ركوك/17-9-2017/ جوان حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ ژنانی پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا

ئە‌رکی جوان سەختتر بوو‌، له‌وكاته‌ى زیاتر له‌ 600 ئاواره‌ روویان له‌ که‌رکوک کرد، جوان مانگانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێکخراوانه‌دا کۆده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ بواری ئاواره‌کاندا کارده‌که‌ن و بیروڕا ده‌گۆڕنه‌وه.

“ژمارەیەک ئاوارەی زۆر ڕوویان كردۆته‌ كه‌ركوك، سەرەڕای ئەو هەموو کێشەیەی هەیە، لەوانە، ململانێی سیاسی نێوان نەتەوەکان و حزبه‌کان، ئەمانە زیاتر وایکردووە نەتوانرێت هاوڵاتیان بپارێزرێن، به‌ڵام له‌ هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وامین”، جوانی وای وت.

به‌شداریکردنی جوان حه‌سه‌ن له‌ وروژاندنی که‌یسێکی پێشێلکارییدا به‌رامبه‌ر به‌ منداڵێک که‌ له‌لایه‌ن باوه‌ژنه‌که‌یه‌وه‌ له‌ کۆتایی ساڵی رابردوودا که‌ به‌ چه‌قۆ و سۆنده‌ لێیدرا بوو، بووه‌ هۆی سزادانی باوه‌ژنەکە‌ له‌لایه‌ن دادگاوه.‌

جوان وتی “باوه‌ژنه‌که‌ دوای گەیاندنی منداڵه‌کەش‌ بۆ نەخۆشخانە وازی لێنه‌ده‌هێنا، لەوێش هەوڵی کوشتنی دابوو، ئه‌وه‌ یه‌کێک بووە له‌ دیارترین ئه‌و ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی که کارم تێداکردووه”.

فڕیدانی ته‌رمی ژنان و دۆزینه‌وه‌ی منداڵی تازه‌ له‌دایکبوو له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کان که‌ زۆرکات جوان نیگه‌ران ده‌کات، وایکردووه‌ به‌رده‌وامبێت لەسەر ‌کاره‌که‌ی، هاوکات نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له‌ كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه ياساى نه‌هيشتنى توندوتيزى دژی خێزان په‌سه‌ندناكه‌ن تاكو له‌ڕێی په‌ناگه‌یه‌كه‌وه‌ بتوانن ژنه‌ هه‌ڕه‌شه‌لێكراوه‌كانی كه‌ركوك داڵده‌ بده‌ن و له‌ هه‌ڕه‌شه‌و كوشتن بیانپارێزن.

كه‌ركوك/ مانگی پێنجی 2017/ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌ جوان حه‌سه‌ن ده‌به‌خشێت له‌ پاڵ ئه‌رك و ماندوبوونه‌كانی فۆتۆ: په‌یجی ره‌سمی جوان حه‌سه‌ن له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دیارده‌ی كوشتنی ژنان و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ساڵى 2017 به‌ وته‌ی جوان حه‌سه‌ن زیادیكردووه‌.

جوان سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشیلکارییانه‌ی به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ده‌کرێت، خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی له‌ که‌رکوک ژنی به‌توانا ده‌بینێت، “ژنه‌ ئه‌ندازیاری زۆر باشمان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ژنه‌ پزیشکی به‌توانا… هه‌ندێک له‌ ژنان ده‌سه‌ڵاتی کارکردنیان پێنه‌دراوه ‌و رێگرییان بۆ دروستده‌کرێت، بەڵام هەندێک له‌ ژنان توانیویانه‌ رێگریی و به‌ربه‌سته‌کان ببڕن، بێدەنگ نه‌بوون و خۆیان سەلماندووه”.

بوونی كۆمه‌ڵێك ژنی چالاك له‌ كه‌ركوك و رێكخراوه‌كانی داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژنان جوان حه‌سه‌نی خۆشحاڵكردووه‌ “هه‌ماهه‌نگی باشمان هه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت خزمه‌تی زیاتری دۆزی ژنان بكه‌ین”.

ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی جوان له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیشدا به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی زۆرترین ده‌ره‌كه‌وتنی هه‌یه‌ له‌ روبه‌ری رۆژنامه‌، ته‌له‌فیزیۆن و ماڵپه‌ڕه‌كان.

جوان زیاتر دەڵێت “ئه‌رکمان‌ سەختە! چونکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگەیەکی عەشایه‌ریی و پیاوسالاریدا کارده‌که‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وامده‌بین له‌کارکردن و ده‌مانه‌وێت به‌ ئامانجه‌کانمان بگه‌ین که‌ نه‌هێشتنی پیشێلکاریی و جیاوازییه‌ له‌ نێوان تاکه‌کاندا”.

2 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری