گەیلانی پێشمەرگە ئاوارەکان له‌كۆڵده‌كات

October 11, 2017 at 2:10 pm

کەرکوک/4-10-2017/ ژنێکی بەتەمەن کە نەیدەتوانی لە چەمێکی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگەو داعش بپەڕێتەوە گەیلان کردییە کۆڵ و لە ئاوەکە پەڕاندییەوە فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد
گەیلان عەتا عەزیز (25ساڵ)، چەکەکەى شانی داناو رووە و ئەو ئاوارانە رۆیشت کە لە دەستی داعش بەرەو لای پێشمەرگە دەهاتن، منداڵەکانی لە باوەش دەگرتن و بە تەمەنەکانیشی لە کۆڵدەنا.

گەیلان پێشمەرگەیە لە لیوای یەکی پیادە لە سنووری مەکتەب خالید (باشوری خۆرئاوای کەرکوک)، هەمیشە لە کاتی هەڵاتنی ئاوارەکانی حەویجە بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە، ئەو یەکێک بووە لەو کەسانەى کە یارمەتییان دەدات.

لە 4-10 نزیکەى هەزارو 300 ئاوارەى حەویجە خۆیان گەیاندە سنوورەکانی پێشمەرگە لە مەکتەب خالید، بەرلەوەى تەواوی قەزاکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عیراقەوە کۆنترۆڵبکرێت.

گەیلان بە (کەرکوک ناو)ی وت “هەمیشە ئاوارە پەککەوتوو و منداڵەکان لە ئاوی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو داعش دەپەڕێنەوە… ئەوان کە دێن زۆر ماندوون و هەندێکیان توانای ئەوەیان نییە بپەڕنەوە”.

کەرکوک/4-10-2017/ گەیلانی پێشمەرگە لەکاتی هاوکاریکردنی ئاوارەکان رۆژێک بەر لە کۆنترۆڵکردنەوەى قەزای حەویجە لەژێر دەستی داعش فۆتۆ: سۆران محەمەد

زۆرینەى ئاوارەکان لە سەنگەری مەکتەب خالیدەوە خۆیان دەگەیەننە سنوورەکانی پێشمەرگە، گەیلانیش لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەى حەویجە لەلایەن داعشەوە لە ناوەڕاستی 2014ەوە لەو سنوورە دەوامدەکات.

“کاتێک یارمەتی بە تەمەنێک یان منداڵێکم دەدەم ویژادنم ئاسوودە دەکەم، مرۆڤ بوون بریتییە لە هاوکاریکردن بەبێ جیاوازی مەزهەبی، نەتەوەیی، رەنگی سپیی و رەش”، گەیلان وای وت.

ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت کوردیش ئاوارەیی بینیوە، زۆرکات دایک و باوکی باسی ئاوارەیی میللەتی کوردیان بۆ کردووە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس.

ساڵێک بەرلەوەى گەیلان لەدایک بێت لە ساڵی 1991، کورد بە کۆمەڵ رووەو ئێران ئاوارەبوون، دوای هێرشی حزبی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق، خێزانەکەى گەیلانیش یەکێک بوون لە خێزانە ئاوارەکان لەوکاتەدا.

دوای 26 ساڵ لەو رووداوە، گەیلان دەبێتە یەکێک لەو کەسانەی کە لەیەککاتدا شەڕی چەکدارانی داعش دەکات و بەهانای ئەو ئاوارانەشەوە دەچێت کە لەدەست مامەڵەى توندوتیژی ئەو رێکخراوە لە قەزای حەویجە هەڵدێن.

کەرکوک/4-10-2017/ دەیان پێشمەرگەى تر هاوشانی گەیلان هاوکاریی ئاوارەکان دەکەن، ئەم پێشمەرگەیە نمونەیەکی ترە فۆتۆ: سۆران محەمەد

ئەو کە شەش ساڵە پێشمەرگەیە وتی “وەک نەتەوەی کورد، زۆر نەهامەتیی و دەربەدەریمان بینی، رۆژانێک بوو ئاوارەی وڵاتانی ئێران و توکیا بووین، ئەوکات ئێمە زۆڵممان لێ دەکرا، ئێستاش زۆر مرۆڤ هەیە زوڵمی لێدەکرێت، بۆیە بە ئەرکی مرۆڤایەتی خۆم هەستاوم و هاوکاریانم کردووە”.

گەیلان نمونەى دەیان پێشمەرگەى ترە کە لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی داعشدا لە باشوری کەرکوک یارمەتی ئەو ئاوارانەیان دەدات کە دەهاتنە سەنگەرەکانیانەوە.

ئاوارەکان بۆ بەر لە کۆنترۆڵکردنەوەى قەزاکە لە 5ی ئەم مانگە، زیاتر لە 25کم بە پێی و زۆرکات بە شەو و بە نێو بۆمبە چێنراوەکانی داعشدا خۆیان رزگار دەکرد.

“کاتێک ئەو ئاوارانە دەبینم بۆ رزگارکردنی ژیانیان چەندین کیلۆمەتری رێگای پڕمەترسی دەبڕن، ناتوانم یارمەتییان نەدەم، ئەرکی سەر شانی خۆم جێبەجێ دەکەم و ویژدانم ئاسودەدەبێت”، گەیلان وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری