ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان:
ئامادەین بۆ دیالۆگێكی كراوە بەبێ پێشمەرج‌و ئابڵۆقە

October 11, 2017 at 6:39 pm

هەولێر، 11-10-2017، كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێم

كەركوك ناو
ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان، جەخت لە مانەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەكاتەوە‌و ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە بەبێ‌ پێشمەرج‌و ئابڵوقە، داوا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات سنورێك بۆ هەڕەشە‌و سزادانی هەرێم دابنرێت.

ئەو هەڵوێستانە ئەمڕۆ چوارشەممە 11-10، لە كۆبوونەوەیەكدا هات بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی‌و نوێنەری زۆرینەی لایەنەكانی هەرێم، تێیدا بڕیاریاندا ناوی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عیراق بگۆڕن بە ئەنجومەنی سیاسی كوردستان، ئەوەش بەپێی سایتی سەرۆكایەتی هەرێم.

بەپێی بەلاغی كۆبوونەوەكە “هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ ڕۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە”.

كۆبوونەوەكە لە چوار خاڵدا بۆچون‌و هەڵوێستی خۆی دەربارەی كاردانەوەكانی ریفراندۆم‌و هەوڵەكانی گفتوگۆ خستۆتەڕوو، جەختیكردۆتەوە “پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەڕووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە”.

“كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها ڕەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی”.

لە بەلاغی كۆبونەوەكەدا هاتووە “سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات”.

هەروەها رایگشتیی جیهانی‌و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەوەئاگاداردەكاتەوە كە گەلی كوردستان “ڕوبەڕوی ئابڵۆقە‌و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە، ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار”، داوای ئەوەش دەكات “سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت”.

ئەوەش لەكاتێكدایە لێپرسراوانی بەغدا لە نێویاندا عەبادی، داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەكات بەر لە هەر گفتوگۆیەك.

هەوڵەكانی چارەسەری ناكۆكییەكان دوای ئەوەدێت پەرلەمان‌و حكومەتی عیراقی، ژمارەیەك بڕیاریان دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لە نێویاندا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، رادەستكردنی دەروازە سنورییەكان، راگرتنی هەناردەی نەوت، بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەكانی جێناكۆك‌و لێپێچینەوە لەبەرپرسانی ریفراندۆم.

لە وەڵامیشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پەرلەمانی كوردستان، بڕیارەكانیان بە نایاسایی‌و نادەستوری وەسفكرد‌و رەتیانكردەوە.

پرۆسەی ریفراندۆم، 25-9ی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامدرا‌و زیاتر لە سەدا 92ی بەشداربون بە بەڵێ‌ دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی، سەرباری ناڕەزایی توندی عیراق‌و وڵاتانی هەرێمی‌و جیهان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری