بەهۆی جموجۆڵی سوپاوە داخرابوو
رێگای نێوان هەرێمی كوردستان‌و موسڵ كرایەوە

October 12, 2017 at 2:05 pm

دەشتی نەینەوا، 11-10-2017، داخستنی رێگای نێوان هەرێمی كوردستان‌و موسڵ فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو
هێزەكانی پێشمەرگە، جارێكیتر رێگەی نێوان هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای موسڵ-یان كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی جموجۆڵی هێزە عیراقییەكانەوە لە ناوچەكانی جێناكۆك داخرابوو.

رێگای سەرەكی هەرێمی كوردستان بەرەو رووی پارێزگای موسڵ، ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممە 11-10 داخرا بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەولێر‌و بەغدا‌و جوڵەی سوپای عیراقیەوە، بەڵام نیوەرۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێگاكە كرایەوە.

ئەفسەرێكی هێزەكانی ئاسایش لە بازگەی خۆرسبات كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێوارەی دوێنێ‌ ئینزارمان پێگەیشت بۆ داخستنی رێگای موسڵ، ئەمڕۆش فەرمانمان پێكرا رێگاكە بكەینەوە‌و كاتژمێر 12ی نیوەرۆ رێگەی هاتوچۆ كرایەوە”.

داخستنی ئەو رێگایە دوای ئەوەهات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ‌ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە “پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەكانەوە پێدەگات، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشی گەورە لە باشوور و رۆژئاوای كەركووك و باكووری موسڵ لە كوردستان”.

هاوكات بە وتەی فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە میحوەری خازر بۆ (كەركوك ناو)، ئێوارەی دوێنێ‌ بە فەرمانی هێزەكەیان رێگەیان بەرەو موسڵ داخستووە لە بازگەی شاقۆڵییەوە‌و كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، رێگاكەیان كردۆتەوە‌و بەربەستە كۆنكرێتیەكانیان لابردووە.

هەر دوێنێ‌ چوارشەممە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریانداوە بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك‌و هۆشدارییاندایە پێشمەرگە، بۆ هەر روبەروبونەوەیەك.

ئەو بارگرژییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

4 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری