عەبادی: شەڕ ناكەین دژی هاوڵاتیانی كورد

October 12, 2017 at 3:37 pm

بەغدا، 12-10-2017، عەبادی سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی كرد دەربارەی سەقامگیری لە ئەنبار فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكوەزیران

كەركوك ناو
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق جەختیكردەوە لەوەی سوپا دژی گەل بە كارناهێنن‌و ناچنە هیچ شەڕێكەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد، بەڵام كار بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكە دەكەن.

وتەكانی عەبادی، لە كۆبوونەوەیەكدا هات ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-10 دەربارەی چەسپاندنی سەقامگیری لە پارێزگای ئەنبار، ئەوەش بەپێی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق.

لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئاماژەی بەوەدا هێزەكانیان بە شاهیدی دنیا موعجیزەی سەركەوتنی خوڵقاندووە‌و یەكێكە لە بەهێزترین سوپاكانی ناوچەكە لەسەر ئاستی شەڕی زەمینی.

جەختیشیكردەوە “ناكرێت سوپاكەمان لەدژی گەلەكەمان بەكاربهێنین، یان بچنە شەڕەوە لەگەڵ هاوڵاتیانمان لە كورد‌و ئەوانیتر”.

لەگەڵ ئەوەشدا عەبادی باسی لەوەكرد ئەوان كاردەكەن بۆ پارێزگاری لە یەكپارچەیی عیراق‌و هەوڵی جێبەجێكردنی دەستور دەدەن، هاوڵاتیانیان دەپارێزن لە هەر دەستدرێژییەك‌و دەیانەوێت، دەسەڵاتی فیدراڵی بچەسپێنن‌و داهاتی نەوت‌و دەروازە سنورییەكان بخەنە ژێر چاودێرییەوە، لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كورد.

هەروەها هۆشداری دا لە گەڕانەوە بۆ وتاری تائیفی‌و هەوڵی پارچە پارچەكردنی وڵات.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە “پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەكانەوە پێدەگات، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشی گەورە لە باشوور و رۆژئاوای كەركووك و باكووری موسڵ لە كوردستان”.

هەر دوێنێ‌ چوارشەممە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی.

ئەوەش دوای ئەوەهات ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریانداوە بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك‌و هۆشدارییاندایە پێشمەرگە، بۆ هەر روبەروبونەوەیەك.

ئەو بارگرژییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری