50 هەزار كەس لە حەویجەوە هەڵاتون
عیراق؛ لەساڵێكدا زیاتر لە ملیۆنێك‌و 140 هەزار كەس ئاوارەبوون

October 12, 2017 at 7:15 pm

كه‌ركوك/4-10-2017/ ساتی گه‌یشتنی ژمارەیەك هاوڵاتی لە نێویاندا ژن‌و منداڵ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌ب خالید له‌ باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كەركوك ناو
لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا، زیاتر لە یەك ملیۆن‌و 140 هەزار هاوڵاتی عیراقی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە سنوری چوار پارێزگادا، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق.

ئەو وەزارەتە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد لە ناوچەكانی نەینەوا، حەویجە لە كەركوك، شەرگات لە سەڵاحەدین‌و راوە‌و قائم لە ئەنبار، یەك ملیۆن‌و 140 هەزار‌و 388 كەس ئاوارەبوون، لە ماوەی نێوان 17-10-2016 تا 9-10-2107.

وەكو لەو ئامارەدا هاتووە لە كۆی ئاوارەكان، 50 هەزار كەس لە سنوری قەزای حەویجەی پارێزگای كەركوكەوە هەڵاتوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی قەزاكە لە دوای 20-9ی ئەمساڵەوە ئاوارەبون.

ئۆپەراسیۆنەكانی قەزای حەویجە، 21-9ی ئەمساڵ دەستیپێكرد لە رێی دوو قۆناغەوە تەواوی ئەو سنورەی پارێزگای كەركوك وەكو دواناوچەی جێناكۆك لە ژێر دەستی داعش كۆنتڕۆڵكرانەوە، 5-10 سەركەوتنی هێزە عیراقییەكان راگەیەندرا.

بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی كۆچ، ژمارەی ئاوارەكانی بەری راستی موسڵ لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە زیاتر لە 827 هەزار كەس‌و لە بەری چەپی شارەكەشەوە، نزیكەی 177 هەزار هاوڵاتی هەڵاتون.

شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی شاری موسڵ‌و سنوری نەینەوا، زیاتر لە نۆ مانگی خایاند‌و تائێستاش بەشێكی زۆر ئاوارەكان، بەهۆی نەبونی خزمەتگوزارییەكان‌و سەقامگیری تەواوەوە نەگەڕاونەتەوە.

وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران ئاماژەی بەوەشداوە نزیكەی 50 هەزار هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەكانی سنوری پارێزگاری ئەنبارەوە هەڵاتون.

راوە‌و قائم لە سنوری نێوان سوریا‌و عیراق، دوا ناوچەی پارێزگای ئەنبار‌و خاكی عیراقە لە ژێر دەستی داعشدا ماوە‌و بڕیارە، بەمنزیكانە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەستپێبكات.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014وە تائێستا، بەهۆی هێرشەكانی داعش‌و شەڕی ئەو رێكخراوەوە پێنج ملیۆن كەس لە عیراق ئاوارەبوون، لەو ژمارەیە زیاتر لەدوو ملیۆن كەس گەڕاونەتەوە بەڵام هێشتا نزیكەی سێ‌ ملیۆن كەس لە ئاوارەییدا دەژین.

2 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری