هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك ئامانجی سەرەكیمانە

October 12, 2017 at 8:40 pm

سلێمانی، 6-10-2017، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد‌و بافێڵ تاڵەبانی كوڕی لە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی مام جەلال فۆتۆ: پەیجی بافێڵ تاڵەبانی لەفەیسبوك

كەركوك ناو
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوا لە هێزە عیراقییەكان‌و پێشمەرگە دەكات دان بە خۆیاندا بگرن‌و دۆخی ناوچەكانی جێناكۆك ئاڵۆزتر نەكەن، جەخت لەوەشدەكاتەوە هێوركردنەوەی بارودۆخی كەركوك ئامانجی سەرەكییانە.

داواكەی ناوبراو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-10، لە پەیامێكدا هات بۆ رایگشتی دەربارەی ئاڵۆزییەكانی نێوان حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان بەهۆی ریفراندۆمەوە‌و بەپێویستی دەزانێت، دەستور بكرێتە بنچینەی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەداوە گەلی كوردستان روبەڕوی چەندان قەیران‌و مەترسی بونەتەوە، پێیوایە ئێستا قۆناغی ریفراندۆم‌و ئەنجامەكانی تێپەڕیووە‌و دەبێت قۆناغێكی نوێ دەستپێبكەن، بۆیە پێویستە هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك بخەنە سەرو هەموو بەرژەوەندی ترەوە.

هەروەها دەڵێت “هێوركردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی كەركوك ئامانجی سەرەكیمانە، … داوا لە هەموو هێزەكانی عیراق‌و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن دان بە خۆیاندا بگرن‌و بارودۆخی كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان ئاڵۆزتر نەكەن، ئارامی‌و ئاسایشی ژیانی هاوڵاتیانی كەركوك‌و ناوچەكە بپارێزن”.

ئەوەش لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیكردەوە لەوەی سوپا دژی گەل بە كارناهێنن‌و ناچنە هیچ شەڕێكەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد، بەڵام كار بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكە دەكەن.

قسەكانی عەبادی دوای ئەوەهات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە “پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عێراقییەكانەوە پێدەگات، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشی گەورە لە باشوور و رۆژئاوای كەركووك و باكووری موسڵ لە كوردستان”.

دوێنێ‌ چوارشەممە ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستانیش لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

بافێڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی مام جەلال، سكرتێری گشتی كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێكدا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و بەغدا ئاماژەی بەوەدا كەركوك پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەش هەیە بەپێی دوایین دەرئەنجامی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەنجومەنێكی نوێی بۆ دەستنیشان بكرێت، ئەگەر پێویستیش بكات بەهەمان شێوە پارێزگارێكی نوێی بۆ دەستنیشان بكرێت.

لە پەیامەكەیدا جەختیكردەوە “ناوچە جێناكۆكەكانیش بریتین لەو ناوچانەی كە هۆكاری ئاگر و كێشەكەن و پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەش هەیە لە پێناو كوژاندنەوەی چەخماخەی ئاگرەكە”.

داواشی لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و هەموو سەركردە سیاسییەكانی عیراق كرد ئەو رەوشە نالەبارە ئەمنیە هێور بكرێتەوە‌و گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا، دەستپێبكات.

ئەو داوایانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری