وەستا رەسوڵ: دۆخی كەركوك هێوربۆتەوە
پێشمەرگە لە بارەی پاشەكشێی هێزەكانیان رونكردنەوە دەدەن

October 13, 2017 at 11:33 am

كه‌ركوك/ساڵی 2015/ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی ته‌للوه‌رد له‌ باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك فۆتۆ: كاوران سالحی

كەركوك ناو
هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ چۆڵكردنی چەند سەنگەرێك چاوەڕێی فەرمانن‌و پاشەكشێ لە چەند شوێنێك وەكو پلانی سەربازی ناودەبەن، ئەوەش لەكاتێكدایە بە وتەی فەرماندەیەكی ئەو هێزە مەترس نیە‌و دۆخی كەركوك هێوربۆتەوە.

ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕی بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزی عیراقی، ئەوەش لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

وەستا رەسوڵ، فەرماندەی میحوەری باشوری كەركوك بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند لە ئێستادا بارودۆخی شارەكە هێوربۆتەوە‌و هیچ مەترسییەك نییە.

هەروەها لە وەڵامی پرسیاری پاشەكشێی هێزەكانی پێشمەرگە لە چەند سەنگەرێكی سنوری كەركوك، بە وتەی وەستا رەسوڵ ئەو هەنگاوە پلانی ئەمنی‌و سەربازی بووە، بەبێ‌ ئەوەی زانیاری زیاتر بدركێنێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی كەركوك، دوو فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە سنوری پارێزگاكە بۆ (كەركوك ناو) رەتیانكردەوە بە نیازی شەڕبن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە‌ و جەختیانكردەوە لەوەی وەكو “برا” لە پارێزگاكە لەگەڵ یەكتر دەژین.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

بەپێی سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ (كەركوك ناو)، لە چەند سەنگەرێكی سنوری كەركوك هێزەكانی پێشمەرگە روبەرێكی كەم پاشەكشێیان كردووە، ئەوەش بە پلان‌و بۆ تۆكمەكردنی سەنگەرەكانیانە.

بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی، لە رێی چەندین پەیامەوە داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك دەكەن‌و بەپێویستی دەزانن، هێزەكانی عیراق‌و پێشمەرگە دان بەخۆیاندا بگرن.

عەقید سەفەر بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای 11ی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری زەرگەی دوزخورماتوو بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە تائێستا لە هیچ سەنگەرێك نەكشاونەتەوە بەڵام دەنگۆی ئەوەهەیە فەرمانی پاشەكشێیان پێبگات لە چەند سەنگەرێك.

بێسەری وتیشی “ئەو سەنگەرانە پێویست نیە تێیدا بمێنینەوە‌و چونگە گرنگ نیە‌و زۆر چوینەتە پێشەوە”.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

1 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری