داوای گفتوگۆ لە بەغدا دەكات
فەرماندەیی گشتی پێشمەرگە: دژی شەڕ‌و خوێنڕشتنین

October 13, 2017 at 12:07 pm

هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان فۆتۆ: پەیجی دژەتیرۆری كوردستان لە فەیسبوك

كەركوك ناو
فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دژایەتی خۆی بۆ شەڕ‌و خوێنڕشتن نیشاندەدات‌و داوا لە حكومەتی ناوەندی عیراق دەكات، لە بری جوڵاندنی هێز بە گفتوگۆ‌و دیالۆگ چارەسەری كێشەكان بكەن.

ئەو داوایە دوای ئەوەهات ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕی بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزی عیراقی، ئەوەش لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی 13-10 ئاماژەی بەوەداوە، حەشدی شەعبی‌و هەندێك لە هێزەكانی سوپا دەستیان بە جمووجۆڵ‌و خۆئامادەكردن كردوە بۆ پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەوروبەری كەركووك.

هەروەها پێیوایە ئەو جموجۆڵە‌و لێدوانی هەڕەشەئامێزی لێپرسراوانی سەربازی‌و سیاسی عیراقی “ئاماژەی مەترسیداری هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی كوردستانی تێدایە”.

فەرماندەیی گشتی پێشمەرگە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و هاوپەیمانان ئاگادار دەكاتەوە “ئەو دۆخە نالەبارە دەبێتە هۆی كارەساتی گەورە، ئێمە دژی شەڕ و خوێنڕشتنین، لە ڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە داوا لە حكومەتی بەغدا دەكەین لە جیاتی جووڵاندنی هێز و خۆسەپاندنی بەزۆر، بێت گفتوگۆ بكات و لەو ڕێگەیەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێت”.

جەختیی لەوەشكردۆتەوە “هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت و چارەسەری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمەرگە زۆر بە توندی بەرگری لە گەلی كوردستان دەكات”، داواش لە هێزی پێشمەرگە دەكات لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرگریكردن.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی كەركوك، دوو فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە سنوری پارێزگاكە بۆ (كەركوك ناو) رەتیانكردەوە بە نیازی شەڕبن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە‌ و جەختیانكردەوە لەوەی وەكو “برا” لە پارێزگاكە لەگەڵ یەكتر دەژین.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی، لە رێی چەندین پەیامەوە داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك دەكەن‌و بەپێویستی دەزانن، هێزەكانی عیراق‌و پێشمەرگە دان بەخۆیاندا بگرن.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

1 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری