“دوو كاتژمێر بۆ كشانەوەی پێشمەرگە دانرابوو”
شێخ جەعفەر: هێزە عیراقیەكان نیازی هێرشیان هەبوو بۆ كەركوك

October 13, 2017 at 1:35 pm

خەرابەرووتە، 2015، هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی رۆژئاوای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی باڵای هێزەكانی پێشمەرگە ئاشكرایكرد هێزە عیراقییەكان نیازی هێرشكردنە سەر كەركوكیان هەبووە‌و مۆڵەتی دوو كاتژمێریان داوە بۆ كشانەوەی پێشمەرگە، بەڵام رێگە بەو هەوڵەیان نەدراوە.

وتەكانی ناوبراو، ئەمڕۆ هەینی 13-10 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لە كەركوك دوابەدوای كۆبوونەوەیەكی باڵای فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە، بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە‌و جموجۆڵی هێزە عیراقییەكان.

شێخ جەعفەر، فەرماندەی هێزەكانی 70 ئاشكرایكرد هێزە عیراقییەكان نیازی هێرشكردنە سەر كەركوكیان هەبوو لە شەوی رابردوودا، بۆ ئەوەش جموجۆڵ‌و كۆبوونەوەیان هەبووە، لەو چوارچێوەیەدا نامەیان بۆ فەرماندەی میحوەری باشور ناردووە‌و داوایانكردووە، پێشمەرگە لەماوەی دوو كاتژمێردا بكشێتەوە.

هەروەها باسی لەوەكرد ئەوان ئامادەنەبوون ناوچەكان چۆڵبكەن‌و هێزە عیراقییەكانیش، گفتوگۆیان رەتكردۆتەوە‌و سوربون لەسەر پاشەكشێی پێشمەرگە، بەلام بڵاوەپێكردنی پێشمەرگە‌و تۆكمەكردنی سەنگەرەكان شكستی بەو هەوڵە هێناوە‌و نەیانتوانیووە هێرش بكەن.

فەرماندەكەی پێشمەرگە دەڵێت بڕیاری سیاسی كوردستان‌و ئەوان خۆ بەدوورگرتنە لەشەڕ، ئەوەش نەك لەبەر ئەوەی لێی دەترسن، بەڵكو ئامادەن بۆ وەلامدانەوەی هەر هێرشێك.

هەروەها كشانەوە‌و پاشەكشێی پێشمەرگە لە چەند سەنگەرێك بۆ تاكتیكی سەربازی ناوبرد.

ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕی بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزی عیراقی، ئەوەش لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

وەستا رەسوڵ، فەرماندەی میحوەری باشوری كەركوكی پێشمەرگە لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی دوای كۆبونەوەی فەرماندە سەربازیەكان جەختیكردەوە تائێستا هیچ رێگەچارەیەك بۆ چارەسەری كێشەكان لەرێی گفتوگۆوە نییە‌و ئەوان وەكو پێشمەرگە، سەنگەرەكانی خۆیان قایم كردووە‌و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك.

فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی 13-10 لەگەڵ ئاماژەدان بۆ جموجۆڵی هێزە عیراقییەكان بۆ هێرشكردنە سەر كەركوك، جەختیكردەوە لە رێگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان لە بری شەڕ.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی كەركوك، دوو فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە سنوری پارێزگاكە بۆ (كەركوك ناو) رەتیانكردەوە بە نیازی شەڕبن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە‌ و جەختیانكردەوە لەوەی وەكو “برا” لە پارێزگاكە لەگەڵ یەكتر دەژین.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی، لە رێی چەندین پەیامەوە داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك دەكەن‌و بەپێویستی دەزانن، هێزەكانی عیراق‌و پێشمەرگە دان بەخۆیاندا بگرن.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

1 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری