حەشدی شەعبی رەتیدەكاتەوە هەڕەشەیان كردبێت
چەند ماڵێك لە دوزخورماتوو: لەژێر فشاردا گواستمانەوە

October 13, 2017 at 3:30 pm

قەزای دوزخورماتوو، شەقامێكی سەرەكی ناوەندی دوزخورماتوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی
ژمارەیەك هاوڵاتی‌و لایەنی حزبی لە دوزخورماتوو، ئاماژە بە گواستنەوەی ماڵە كوردەكان دەكەن لەگەڕەكێكی قەزاكە لە ژێر فشاردا، لەكاتێكدا حەشدی شەعبی رەتیدەكاتەوە چەكدارەكانی ئەوان هەڕەشەیان كردبێت.

كێشە‌و بارگرژییەكانی دوزخورماتوو، لە چوارچێوەی ئەو ئاڵۆزییانەدایە ناوچەكانی جێناكۆكی پێدا تێدەپەڕێت، ئەوەش بەهۆی كێشەكانی نێوان حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانەوە دوای ریفراندۆم.

عیماد عەلی، هاوڵاتیەكی نیشتەجێی گەڕەكی تیینی دورخورماتووە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “بەر لە چەند ڕۆژێك چەند كەسێك هاتنە بەردەم ماڵەكەم‌و چەند ماڵێكی دیكە، هەڕەشەی كوشتنیان كرد ئەگەر لە 24 كاتژمێردا ئەو گەڕەگە جێنەهێڵین، بۆیە ناچار بوین‌و گواستمانەوە بۆ گەڕەكەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە هێزەكانی پێشمەرگە، هەفتەی پێشوو لە چەند شوێنێكی ناوەندی دوزخورماتوو كشاندەوە‌و هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، بەمانەوەیان ئەگەری ئاژاوە‌و شەڕ هەبووە لەگەڵ حەشدی شەعبی.

ئەركان عەلی، هاوڵاتیەكی دانیشوی دوزخورماتووە‌و دەڵێت دوو ساڵە ماڵەكەی جێهێشتووە لە شارەكە، لەم رۆژانەدا هێزێكی حەشد تێیدا جێگیربوون.

دوزخورماتوو، 2016، مزگەوتی وەهاب لە ناوەندی شارەكەدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی “جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتوون، لە 25-9ی ئەمساڵ بەشداربوو لە ریفراندۆمی هەرێم.

سەید عەلی حوسەینی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە میحوەری باكوور بە(كەركوك ناو)ی وت “ئەمانە هەموی هەواڵی نادروستە لەسەر حەشدی شەعبی، ئەوانەی هەڕەشەیان لە خێزانە كوردەكان كردوە دوو كەسی دەمامكدار بوون‌و بەماتۆرسكیلەوە هەڕەشەیان كردوە”.

“سەردانی ئەو خێزانانەمان كردوە كە هەڕەشەیان لێكراوە،پێمانراگەیاندوون هەر كەسێك هاتە سەرماڵتان‌و داوایكرد چۆڵی بكەن ئەوە تەقیان لێبكەن یاخود دەستگیریان بكەن‌و رادەستی دەزگا ئەمنیەكانیان بكەن”، بە وتەی لێپرسراوەكەی حەشد.

دوزخورماتوو، ناوچەیەكی هەستاری جێناكۆكە‌و لەمانگی چواری ساڵی رابردووشدا، شەڕێكی خوێناوی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی روویدا، بەهۆیەوە دەیان كەس لەهەردوولا لەنێویاندا مەدەنی كوژران‌و سەدانی تر برینداربوون.

ناوەندی قەزای دوزخورماتوو لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین فۆتۆ: كاروان ساڵحی

مەلا كەریم شكور، لێپرسراوی بازنەی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “شەوی 10ی ئەم مانگە چەند چەكدارێك هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵە كوردەكان‌و داوایكردووە شوێنەكانیان چۆڵبكەن، تا 20 خێزان لە دوو رۆژدا ماڵی خۆیان جێهێشتووە”.

هەروەها دەڵێت “چەندجارێك لەگەڵ حەشد قسەمان كردوە بێ سوود بوە، لە نێو حەشد چەن گروپێك هەیە گوێ لە لایەنی سەروی خۆیان ناگرن‌و چییان بوێت دەیكەن، ئەوانە ئەو هەڕەشانەیان لە ماڵە كوردەكان كردوە”.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری