عەبادی رەتیدەكاتەوە نیازی هێرشیان هەبێت

October 13, 2017 at 5:20 pm

بەغدا، ئابی 2017، كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیی حەیدەر عەبادی فۆتۆ: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق

كەركوك ناو
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق هەواڵی هێرشكردن‌و نیازی پەلاماردانی پێشمەرگە رەتدەكاتەوە‌و جەخت لەوەدەكاتەوە، ناچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی خۆیان.

ئەو دڵنیاییەی ناوبراو دوای ئەوەدێت ناوچەكانی جێناكۆك‌و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕی بەهۆی بڵاوبونەوەی چەندین دەنگۆ‌و لێدوانی جیاواز لەبارەی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە‌و هێزی عیراقی، ئەوەش لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر.

حەیدەر عەبادی، ئەمڕۆ هەینی 13-10 لە پەیامێكدا كورتدا لە تویتەری تایبەتی خۆی بڵاویكردۆتەوە، هێزە چەكدارەكانیان ناتوانن‌و بە هیچ شێوەیەك هێرشناكاتە سەر هاوڵاتیانیان، ئەگەر كورد بێت یان عەرەب.

هەروەها پێشیوایە ئەو هەواڵە دروستكراوانەی لەوبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە مەبەست‌و ئامانجی دیكەی لە پشتەوەیە.

دوێنێ‌ پێنجشەممە 12-10یش حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەتیكردەوە سوپا دژی هاوڵاتیانیان بە كاربهێنن‌و بچنە شەڕەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كورد.

بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردستانیەكان بە تایبەت یەكێتی، لە رێی چەندین پەیامەوە داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك دەكەن‌و بەپێویستی دەزانن، هێزەكانی عیراق‌و پێشمەرگە دان بەخۆیاندا بگرن.

لە دوایین پەیامیدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سنورێك بۆ هەرەشەكان دابنێت‌و حكومەتی هەرێمیش، لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێتی هەر شەڕ‌و بارگرژییەكی خستە ئەستۆی حەیدەر عەبادی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی‌و حكومەتی عیراق، بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردنی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چەندین هەوڵی نێوەندگیری‌و دەستپێشخەری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ‌و دانوستان لە نێوان بەغدا‌و هەولێر، دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆمی 25-9ی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك پەیوەندییەكانیان گەیشتە لوتكەی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری